Accessibility links

کۆمەڵەی سوریا: سەدان چەکداری ئۆپۆزسیۆنی سوریا خۆیان ناونووسکردووە هەتا بۆ ئازەربایجانیان بنێرن


کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت سەدان چەکداری ئۆپـۆزسیۆنی سوریای سەر بە ئەنکەرە خۆیان ناونووسکردووە هەتا بەرەو وڵاتی ئازەربایجانیان ببەن لەم کاتەی لە شەڕەدایە لەگەڵ ئەرمینیا.

ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری کۆمەڵەکە لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی ئەلغەد گوتی پـرۆسەی ڕەوانەکردنی بەکرێگیراوانی سوری بۆ ئازەربایجان ماوەی زیاتر لە 10 ڕۆژە کاری بۆ دەکرێت و لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو 300 چەکدارانی گروپی سوڵتان موراد و سلێمان شا گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە و هێشتا زانیاری نیـیە بۆ کوێ براون.

گوتیشی ئەو چەکدارانەی براون لە باکوری سوریاوە گواستراونەتەوە بۆ ناو تورکیا و لەوێشەوە بەرەو ئازەربایجان. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد تورکیا سەنگی دەخاتە سەر ناردنی ئەو چەکدارانەی بە ڕەچەڵەک تورکمانن.

سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی ناردنی چەکدارانی سوری بۆ شەڕەکانی هەرێمی ناگۆرنۆ- قەرەباغ لەلایەن کاربەدەستانی ئازەربیجانەوە، ڕامی عەبدولڕەحمان گوتی کۆمەڵەکەیان نەیگوتووە چەکدارەکان بۆ شەڕەکانی ئەو هەرێمە براون، بەڵکو ڕەوانەی ئازەربایجان کراون . گوتیشی سەرچاوەی زانیاریـیەکانیان لە نێو چەکدارانی ئەو گروپانەدایە.

XS
SM
MD
LG