Accessibility links

ڕوانگەی سوری: بەهۆی هێرشە موشەکییەکانی ڕژێمی سوریاوە 10 کەس گیانیان لە دەستداوە


چەکدارێکی گروپی چەکداری تەحریر ئەل شام
چەکدارێکی گروپی چەکداری تەحریر ئەل شام

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت ڕۆژی یەکشەممە ڕژێمی سوریا هێرشی موشەکی کردۆتە سەر کامپێکی ئاوارەکان لە دوایین ناوچەی ژێر دەسەڵاتی گروپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزسیۆندا و بەهۆیەوە 10 کەس گیانیان لە دەستداوە، سێ منداڵیش لە ناو قوربانییەکاندا بوون.

گوتیشی ئەوانەی گیانیان لە دەستداوە هەشت کەسیان هاوڵاتی مەدەنی بوون و دووانی دیکەیان نەناسراونەتەوە.

بەهۆی هێرشە موشەکییەکەوە 77 کەسی دیکە بریندار بوون.

هێزەکانی حکومەتی سوریا زیاتر لە 30 موشەکییان ئاڕاستەی کۆمەڵێک ناوچە کردووە، لەوانەش کامپەکانی ڕۆژئاوای شاری ئیدلیب لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا.

بەپێی ڕوانگە، بەیانی ڕۆژی یەکشەممە بۆردومانەکان لە چەند شوێنێکی ئەو ناوچەیە بەردەوام بوون، گروپە چەکدارییەکانی ناوچەکەش وەکو تۆڵەکردنەوەیەک پێگەکانی حکومەتییان کردۆتە ئامانج.

گوتیشی درەنگانێکی دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە، هێزەکانی حکومەتی سوریا چەند هێرشێکی موشەکی نوێیان کردە سەر کەفر لاتای باشووری ئیدلب، لە ئەنجامدا کەسێک کوژراوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون لە کاتێکدا کە زەیتونییان لێکردۆتەوە.

ڕوانگە وتی هێرشە موشەکییەکانی سوریا وەکو وەڵامێک بوون بۆ هێرشەکانی گروپی چەکداری تەحریر ئەل شام، کە لەلایەن بەرپرسە توندڕەوەکانی پێشووی ئەل قاعیدەوە ڕابەرایەتی دەکرێت.

بەپێی زانیارییەکانی ڕوانگەی سوری، بۆردومانەکان ڕۆژێک دوای ئەوە هات پێنج سەربازی هێزەکانی سوریا لە بۆردومانێکی گروپێکی چەکداری سەر تەحریر ئەل شامدا کوژراون.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG