Accessibility links

سوریا دەڵێت ئیسرائیل هێرشێـکی موشەکی کردووەتە سەر بنکەیەکی لەشکری لە نزیک دیمەشق


چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە بنکەیەکی لەشکری نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشقی سوریا ڕوویانداوە و ئاگر و دوکەڵێـکی زۆر لە ناوچەکە بەرزبوونەتەوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی سانای فەرمی ڕژێمی سوریا لە زاری سەرچاوەیەکی لەشکری وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە کە گوتویەتی ئیسرائیل بەرەبەیانی ئەمڕۆ پـێنجشەممە هێرشی موشەکی کردووەتە سەر ئەو بنکە لەشکریـیە و زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە.

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت شوێنەکە 25 کیلۆمەتر لە باشوری ڕۆژهەڵاتی دیمەشقی پایتەختەوە دورە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز دەڵێت سەرچاوەی هەواڵگری لە ناوچەکە گوتویانە هێرشی ئیسرائیل بووە بۆ سەر عەمباری چەکی حزبوڵڵای لوبنان و هەروەها بنکەکە لە لایەن ئێرانەوە بەکار دەهێنرێت بۆ دابینکردنی چەک بۆ هاوپەیمانانی لە سوریا. دوو سەرچاوەی ئۆپـۆزسیۆنیش گوتویانە بە لایەنی کەم 5 موشەک لە ئیسرائیلەوە گیراونەتە بنکەکە.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ئیسرائیل بە فەرمی بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕانەگەیاندووە، بەڵام یەسرائێل کاتز وەزیری هەواڵگری ئیسرائیل لە لێدوانێـکیدا بۆ ڕادیۆی لەشکری ئیسرائیل گوتی ئەوان هەمیشە کاردەکەن بۆ ڕێگەگرتن لەوەی چەکی پـێشکەوتووی ئێران لە ڕێگەی سوریاوە بە دەسـت حزبوڵڵای لوبنان بگات. گوتیشی کاتێـک زانیاری مەترسیداریان پـێدەگات لە بارەی گواستنەوەی چەک بۆ حزبوڵڵا ئەوا دەستەوەستان ناوەستن، وە ئەم هێرشەش تەواو لەگەڵ ئەو ڕێبازەیان گونجاوە.

XS
SM
MD
LG