ڕێکخەرانی کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی سوریا کە کۆنفرانسێکە بۆ نەخشەکێشانی داهاتووی سیاسیی سوریا دەڵێن کۆنفرانسەکە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی سوریایی تێدا دەبێت جگە لە کوردەکان و لایەنگرانی حکومەتەکەی پێشووی بەشار ئەسەد.
ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەڵێت بە دوورخستنەوە و پشتگوێخستنی لایەنێک دیالۆگی نیشتمانی سەرناکەوێت و سەبارەت بە چالاکییەکانی کۆمیتەی ڕێکخستنی کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی سوریا بەیاننامەیەکی بڵاوکردوەتەوە کە تێیدا هاتووە "لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی بەعس و پارتی دەسەڵاتدار، هیوای نوێ سەریهەڵدا بۆ گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە لە ڕێباز و شێوازەکانی دیمەشق بۆ وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی گەلی سوریا لەسەر بناغەی پرەنسیپ و پێوەرێکی دروست کە ڕەنگدانەوەی واقیعی سوریا بێت، بەڵام پەراوێزخستن و دۆخی 'داخراو'ی نەگۆڕی لیژنەی ئامادەکاری کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی سوریا هەڕەشەی گەڕانەوەی شتەکان بۆ سیستەمی ناوەندیی پێشوو دەکات و ئەمەش ئەوە نییە کە ئێمە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا چاوەڕێی دەکەین یان پێمان باشە."
بەیاننامەکە دەشڵێت "ئەوەی ئەمڕۆ پێویستمانە نوێنەرایەتییەکی دروستە بەبێ فەرامۆشکردنی هەموو لایەنەکان لە سوریا کە ڕەنگدانەوەی بەشداریکردنی هەموو لایەنەکان بێت لە سوریا."
بەیاننامەکە هەروەها دەڵێت "ئێمە وەک ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئەو لیژنەیەی بۆ ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی پێکهێنراوە، لیژنەیەکە کە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سوریا ناکات."
لەلایەکی دیکەوە هودا ئەلعەتاسی ئەندام لە کۆمیتەی ڕێکخستنی کۆنفرانسی گفتوگۆی نیشتیمانی سوریا دەڵێت " ئەمە یەکەمین کۆبوونەوەی ڕاستەقینەی سوریاییەکان دەبێت لە ماوەی 75 ساڵدا کە تێیدا پرسی کۆمەڵایەتی، سیاسیی، ئابووری و حکومڕانی لە خۆدەگرێت، بناغەی داهاتوویەکی پتەو دادەنێت کە لە سازشی نیشتیمانی، دادپەروەریی، چاکسازی و گشتگیرییەوە سەرچاوە دەگرێت."
هەروەها حەسەن دەغیمی ئەندام لە ڕێنموونی سیاسیی لە سوپای نیشتیمانی سوریا و وتەبێژی لیژنەی ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی سوریا ڕایگەیاندووە "گروپە چەکدارەکان تەنها لە حاڵەتێکدا دەتوانن بەشداری کۆنفرانسەکە بکەن کە چەکەکانیان دابنێن و دەسەڵاتی وەزارەتی بەرگری قبوڵ بکەن. "
لە کۆتایی مانگی یەکدا گروپە چەکدارییە یاخیبووەکانی پێشووی سوریا سەرکردەی گروپی چەکداریی ئیسلامی هەیئەت تەحریر ئەلشام ئەحمەد ئەلشەرعییان وەکو سەرۆکی کاتی سوریا دەستنیشان کرد، ئەوەش دوای هێرشەکەی مانگی دوانزەیان کە بووە هۆی ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد. بەرپرسانی نوێی سوریا ئەو دەستووری پێشووی سوریایان هەڵوەشاندەوە و دەڵێن دەستوورێکی نوێ دەنوسرێتەوە.
زۆربەی گروپە چەکدارییە یاخیبووەکان ڕازیبوون بە هەڵوەشاندنەوەی گروپەکانییان و پەیوەندیکردن بە سوپا و دەزگاکانی ئاسایشی سوریای نوێوە، بەڵام هێزەکانی هەسەدە کە ئەمەریکا پشتیوانییان لێدەکات، تاوەکو ئێستا ڕازی نەبوون بە هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانیان، هەرچەندە ڕازین بەوەی تێکەڵ بن بە سوپای سوریا.
هێزەکانی سوریای دیموکراتیک ڕووبەڕووی گروپە چەکدارییەکانی لایەنگری تورکیا بوونەتەوە لە باکووری سوریادا و نیگەرانن لە لەدەستدانی ئەو دەستکەوتە سیاسیی و کلتورییەی کە لە ماوەی شەڕی ناوخۆی سوریادا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریادا بە دەستییان هێناوە.
ئەحمەد ئەلشەرع کە پێشتر بە ئەبو محەمەد ئەلجۆلانی ناسراو بوو، سەرکردەی گروپی هەیئەت تەحریر ئەلشامە کە سەرکردایەتی هێرشەکانی کرد بۆ دوورخستنەوەی ئەسەد، لە ڕابردووشدا ئەو گروپە سەر بە ئەلقاعیدە بووە بەڵام دواتر جیا بووەتەوە.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەلشەرع خۆی وەکو پاڵەوانی هەمەچەشنەیی و لێبووردەیی پیشانداوە و بەڵێنیداوە مافی ژنان و کەمینە ئایینییەکان بپارێزێت، بەڵام زۆر هەنگاوی حکومەتی نوێی سوریا دژی ئەم بانگەشانە بووە.
لە دوای ڕووخانی ئەسەدەوە گروپی ئیسلامی هەیئەت تەحریر ئەلشام وەکو پارتێکی فەرمانڕەوا لە سوریا بیندراوە و حکومەتێکی کاتیشی دامەزراندووە کە بە شێوەیەکی بەرچاو پێکهاتووە لەو حکومەتە خۆجێییەی کە پێشتر پارێزگای ئیدلبیان بەڕێوەبردووە.
بەڵام شەرع بەڵێنیداوە پڕۆسەیەکی سیاسیی گشتگیر دەستپێبکات بۆ پێکهێنانی دەستووری نوێ و حکومەتێکی نوێنەر بۆ سەرجەم سوریاییەکان. کۆنفرانسی گفتوگۆی نیشتیمانی بەشێکی سەرەکی بووە لەو پلانە.
بەشێک لەم هەواڵە لە ئەی پی وەرگیراوە