Accessibility links

کۆمسیۆنێکی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لەسەر چڕبوونەوەی جەنگەکەی سوریا


کۆمسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا ڕۆژی سێشەممە نوێترین ڕاپۆرتی بڵاوکردەوە و هۆشداریدا لەسەر ئەوەی کە شەڕەکە لە چەندین هێڵی پێشەوەی ململانێکەی ناو سوریا چڕتر بووەتەوە، لە کاتێکدا کە تەواوی ناوچەکە مەترسی کەوتنەوەی جەنگێکی بەرفراوانی لەسەرە.

سەرۆکی کۆمسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا پاولۆ پینهیرۆ وتی " داینامیکە کوشندەکان جارێکی دیکە شەپۆلی نوێی توندوتیژییەکان هەڵدەگیرسێنن. شەڕە ڕاستەوخۆکەی ئەمدواییانە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە دەوروبەری دەیرەزوور لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سەرکردایەتی کوردەکان و هۆزە عەرەبەکان لەلایەکەوە و هێزەکانی حکومەت و میلیشیاکانی سەر بە ئێران لەلایەکی دیکەوە، سکاڵا قووڵە چەسپاوەکانی نێو دانیشتوانی ئەم بەشەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەوروژێنن."

جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس لە غەززە گرژییەکانی سەرانسەری ناوچەکەی زیاتر کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر بەرپرسانی ئێرانی و میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سەرانسەری سوریادا، بەهۆی ئەو هێرشانەوە هاووڵاتی سڤیل بوونەتە قوربانی.

کۆمسیۆنەکە بەردەوامە لە لێکۆڵینەوە لەو جۆرە هێرشە ئاسمانییانە، بە هێرشە ئاسمانییەکەی ڕۆژی یەکشەممەشەوە بۆ سەر پارێزگای حەما. لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی حەماس و ئیسڕائیلەوە لە غەززە، گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران زیاتر لە 100 جار هێرشییان کردووەتە سەر بنکەکانی هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی سوریادا، نوێترینییان مانگی ڕابردوو بوو.

زیادبوونی توندوتیژییەکان لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی هاووڵاتیانی سڤیل لە هێرشە نایاساییەکانی هێزەکانی حکومەتی سوریادا، لە ڕێی بەکارهێنانی بۆمبی هێشووییشەوە لە ناوەندەکانی دانیشتوان لە ناوچەی ئیدلیب. لەو ڕووداوانەدا کە کۆمسیۆنەکە لێکۆڵینەوەی لەسەرییان کردووە، زیاتر لە 150 هاووڵاتی سڤیل کە نیوەیان ژن و منداڵ بوون کوژراون و بریندار بوون، زۆربەی ئەو ژمارەیەش بەهۆی هێرشە کوێرانەکانی هێزەکانی حکومەتی سوریاوە بوون کە گەیشتوونەتە ئاستی تاوانی جەنگ. هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیاش لە ئیدلیب بوونەتە هۆی کەوتنەوەی قوربانی لە نێو هاووڵاتییانی سڤیلدا.

هێزەکانی تورکیا چەندین ئۆپەراسیۆنییان ئەنجام داوە دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریادا. کۆمسیۆنەکە لێکۆڵینەوەی لە هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا کردووە کە ساڵی ڕابردوو لە چەندین بینای تەندروستییاندا و زیانییان بە وێستگەیەکی کارەبا گەیاند لە سوەیدەی حەسەکە، ئەوەش بووە هۆی زیانگەیاندن بە دابینکردنی ئاو و سوتەمەنی و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن هاووڵاتی، کۆمسیۆنەکە دەڵێت ئەو هێرشانەی تورکیا نایاسایین. هێرشە ئاسمانییەکان لە مانگی پێنجدا ئوتومبێلەکانی فریاکەوتنی خێرایان کردە ئامانج کە ئەوەش بە پێشێلکردنی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی دادەنرێت.

لە باشووری سوریاش هێشتا توندوتیژی و ناسەقامگیری هەیە، بەو ناوچانەشەوە کە حکومەت کۆنتڕۆڵی کردوونەتەوە. کۆمسیۆنەکە لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیری کردووە سەبارەت بە کۆمەڵکوژییەکەی 7 ی مانگی چوار لە دارا کاتێک 10 هاووڵاتی سڤیل بە دوو منداڵیشەوە بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە حکومەتەوە کوژران، زۆربەی قوربانییەکان بە چەقۆ و دەمانچە کوژراون ئەوەش ڕەنگە بگاتە ئاستی تاوانی جەنگ.

کۆمسیار هانی میگالی وتی " ڕووداوەکان لە دارا نموونەی دیاری هەندێک لە کارە دڕندانەکانن کە لە ماوەی شەڕی ناوخۆی سوریادا ئەنجام دراون. هێزەکانی حکومەتی سوریا کە چەند مەترێکی کەم لەو کۆمەڵکوژییەوە دوور بوون هیچییان نەکردووە و هاووڵاتیانی سڤیلییان نەپاراستووە، ئەوەش پیشانی دەدات کە چۆن سوریا زیاتر بەرەو بێ یاسایی دەچێت. هێزەکانی ئاسایش و گروپە چەکدارییەکان توندوتیژی و گرتن و هەڕەشە بەکاردەهێنن بۆ وەرگرتنی پارە لە هاووڵاتیانی سڤیل. لە هەر شوێنێکی وڵاتەکەدا ئەگەر بە دڵی بەرپرسان نەبیت دەکرێت دەستگیر بکرێیت و ئەشکەنجە بدرێیت و دەستدرێژیت بکرێتە سەر و لە دەستبەسەریدا بمریت، یاخود بێسەروشوێن ببیت."

کۆمسیۆنەکە دەڵێت بەڵگەی هەیە لەسەر ئەوەی کە حکومەتی سوریا هێشتا بەردەوامە لە ئەشکەنجەدان و دەستدرێژی سێکسی و توندوتیژی بەپێی ڕەگەز، هەروەها مامەڵەکردنی خراپ لەگەڵ زیندانییاندا، ئەمەش سەرەڕای فەرمانێکی دادگای دادی نێودەوڵەتی بۆ سوریا کە ئاماژە بەوە دەدات دەبێت ئەشکەنجەدانەکان ڕابگیرێن.

مردن لە دەستبەسەریدا لە سوریا جارێکی دیکە تۆمار کراوەتەوە. بەرپرسانی سوریا بەردەوام بوون لە ڕێگریکردن لە هەوڵەکانی خێزانەکان بۆ دۆزینەوەی کەسوکارەکانییان کە بە شێوەیەکی زۆرەملێ دەستبەسەرکراون، خێزانەکانیش ناچار کراون پارە بدەن بۆ ئەوەی زانیارییەک بزانن سەبارەت بە شوێنی دەستبەسەربووەکان یاخود سەردانیکردنییان و ئازادکردنییان.

ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە بەرپرسانی سوریا دوای 10 ساڵ لە مردنی زیندانییەکان ئینجا خێزانەکانییان ئاگادار کردووەتەوە.

کۆمسیار لین وێڵچمان وتی " ئەشکەنجەدان و لە سێدارەدانی ئەو زیندانییانەمان تۆمار کردووە کە لەلایەن حەیات تەحریری ئەل شامەوە لە باکووری ڕۆژئاوا گیرابوون. ئەوان و هەندێک لە گروپەکانی دیکە لە باکوور هەندێک لە چەندین شێوازی دڕندانەی ئەشکەنجەدان بەکاردەهێنن، ئەو شێوازانەی کە حکومەت بەکارییان دەهێنێت."

وتیشی " ئەوەی توشی سەرسوڕمانت دەکات ئەوەیە کە ژنان و کچ و کوڕی ئێزیدی و ڕزگاربووانی کۆمەڵکوژییەکەی ئێزیدییەکان و تاوانەکانی دیکەی داعش، لە کامپی ئەل هۆل لەگەڵ ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانەدا داندراون و ماوەی پێنج ساڵە لەوێن."

دە ساڵ دوای هێرشە دڕندانەکەی داعش بۆ سەر شنگال و لە ناوبردنی کۆمەڵگەی ئێزیدی لە ساڵی 2014 دا، کۆمسیۆنەکە داوا لە بەڕێوبەرایەتی خۆجێیی و ئەو وڵاتانە دەکات کە پشتیوانی لێدەکەن دەستبەجێ سەرجەم ئەو ئێزیدییان ئازاد بکەن کە لەو کامپانەدان و پشتیوانییان بکەن لە گەڕانییان بە دوای دادپەروەریدا بۆ ئەو کارە دڕندانانەی کە بەرامبەرییان ئەنجام دراوە و ڕزگارییان بووە لێیان.

XS
SM
MD
LG