Accessibility links

چالاکوانان: چەکدارانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا هەلیکۆپتەرێکی حکومەت دەخەنە خوارێ


چالاکوانانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا دەڵێن چەکدارانی ئۆپـۆزسیۆن هەلیکۆپتەرێکی حکومەتیان لە باکوری ڕۆژئاوای وڵاتەکەیان خستووەتە خوارێ، لە یەکێک لەو شوێنانەی هێزەکانی حکومەت هێرشی دەکەنەسەر. هاوکات بە هێرشێکی ئاسمانی فڕۆکەی حکومەت بەلایەنی کەم 7 کەس کوژران.

خستنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکە، کە بووە هۆی مردنی فڕۆکەوان و یاریدەرەکەشی، لە کاتێکدا ڕوویدا کە ‌هێزەکانی سوپای سوریا نزیک کەوتوونەتەوە لە گرتنی دواهەمین بەشی ئەو ڕێگا سەرەکیـیە گرنگەی باکور و باشوری سوریا پـێکەوە دەبەستێتەوە. بە گرتنی ئەو ناوچەیە تەواوی ئەو ڕێگایە دەکەوێتەوە ژێر دەستی حکومەتی سوریا کە لەوەتای ساڵی 2012 وە کۆنترۆڵی بەسەریـیەوە نەمابوو.

بە پشتیوانی ڕوسیا، ‌هێزەکانی سوریا ماوەی چەند هەفتەیەکە بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆ سەر دواهەمین سەنگەری چەکداران لە پارێزگای ئیدلیب و چەند ناوچەیەکی پارێزگای حەلەب، ئەمەش قەیرانێکی مرۆیی لێکەوتووەتەوە کە بەپـێی نەتەوە یەکگرتووەکان هەتا ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی سەدان کەس و ئاواربوونی نزیکەی 700 هەزار کەسی دیکە.

هاوکات بەهۆی ئەم پـێشڕەویـیانەی هێزەکانی حکومەت، شەڕ و پـێکدادان لە نێوان هێزەکانی سوریا و تورکیا لە پارێزگای ئیدلیب ڕوویانداوە و بەهۆیەوە هەر لایەکیان 13 سەربازی لێکوژراوە.

لە پێکدەدانەکانی ئەم دواییەدا، شەڕی نێوان ‌هێزەەکانی سوریا و تورکیاشی پێیەوە زیاد بوو کە لە ئەنجامدا بووە هۆی کوژرانی 13 لە سەربازەکانی هەردوولا.

تورکیا کە پیشتیوانی لە گروپە چەکدارەکان دەکات، سەدان ئۆتۆمبیلی سەربازی ناردووەتە ئیدلیب بۆ ئەوەی بەر بە ‌هێزەکانی سوریا بگرێت لە گەیشتن بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی لەگەڵ تورکیادا.

بە وتەی چالاکوانان، ‌شەڕەکان ئەمڕۆ سێشەممە لە نزیک گوندی نەیرەب بوون و هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆن هەوڵیان دا بە پاڵپشتی تۆپـخانەی تورکیا ئەو گوندە کۆنترۆڵبکەنەوە کە هەفتەی ڕابردوو لەدەستیان دا.

بە گوێرەی ڕوانگەی سوریا بۆ چاودێری ماڤەکانی مرۆڤ و هەروەها ئاژانسی هەواڵگری ستێپ(Step) کە کۆمەڵی چالاکوانن، لە میانەی پێکدەدانەکەدا، چەکدارانی ئۆپۆزیسیون لە نزیک نەیرەب هەلیکۆپتەرێکی حکومەتیان خستووەتە خوارەوەو 2 کەسی ناو هەلیکۆپتەرەکەیان کوشتوە.

‌هێزەکانی بەرگری شارستانی سوریا لە ناوچەکانی ئۆپـۆزسیۆن کە بە کڵاو سپییەکانیش ناسراون، ڕایانگەیاند دوای کاتژمێرێک هێرشێکی ئاسمانی کراوەتە سەر شاری ئیدلیب و لە ئاکامدا 7 کەس کوژران و 20 کەسی دیکە برینداربوون. ڕوانگەی سوریا گوتی بەهۆی ئەو بۆردومانە 12 کەسی سیڤیل کوژراون کە نیوەیان منداڵن و 30 کەسی دیکە برینداربوون.

چالاکوانان گوتیان ‌هێرشە ئاسمانییەکەی حکومەت بۆ سەر شاری ئەدلیب کە شوێنی نیشتەجێبوونی نزیکەی 800 هەزار کەسە، وەڵامێک بوو بۆ خستنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکە لە لایەن هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆنەوە.

ڕوانگە هەروەها گوتی ‌هێزەکانی حکومەت ئەو ڕێگا گشتییەیان کۆنترۆڵکردووە کە شاری حەلەب بە باشوری وڵاتەکەوە دەبەستێتەوە.

میدیاکانی سەر بە دەوڵەتی سوریا وتەی بەرپرسێکی سەربازی بە بێ ناوهێنانی بڵاو دەکەنەوە کە تیایدا گوتویەتی ‌هێشتا بۆ کونتڕۆڵکردنی ڕێگاکە، پـێویستە دەست بە سەر 5 گوندی دیکەدا بگرن.

ڕیگای گشتی کە بەناوبانگە بە M5، لە باشووری ئەو وڵاتەوە لە نزیک سنووری ئوردن دەستپێدەکات تا دەگاتە باکوری حەلەب. گرتن و کۆنتڕۆڵکردنی ڕێگاکە لە ڕووی ئابوری و ناردنی یارمەتی سەربازی گرنگی خۆی هەیە بۆ حکومەتی سووریا.

دەست بەسەرداگرتنی ڕێگاکە دەستکەوتێکی گەورە دەبێت بۆ حکومەتی بەشار ئەسەد کە لە ساڵی 2015 بە پشتیوانی ڕووسیا و ‌ئێران ‌توانیویەتی دەستکەوتی باشی هەبێت.

لە ماوەی 3 ساڵی ڕابردوو هێزەکانی حکومەت چەند بەشێکی ئەو ڕێگا سەرەکیـیەیان کۆنترۆڵکردبوو کە درێژیـیەکەی 450 کیلۆمەترە و بە 4 شاری گەورەی وڵاتەکە تێپەڕدەبێت.

XS
SM
MD
LG