Accessibility links

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوری سوریا: ناوچەکەمان بووەتە قوربانی بەرژەوەندی وڵاتان


بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ناڕەزایی دەربڕی بەرامبەر دورخستنەوەی نوێنەرانی لە کۆبوونەوەکانی تایبەت بە دەستور و ئایندەی سوریا.

لوقمان ئەحمی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیـیەکە ئەمڕۆ دووشەممە لە شاری ڕەققە گوتی ناوچەکەیان بووەتە قوربانی بەرژەوەندی و سەودای وڵاتان، وە نوێنەرانیان لە کۆبوونەوەکانی جنێڤ دورخراونەتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕێگە بە نوێنەرانی پاشماوەی گروپە تێرۆرستیـیەکانی وەکو داعش و بەرەی نووسرە دەدرێت بەشداری لەو کۆبوونەوانە بکەن.

جەختی کردەوە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری پابەندی هیچ بڕیارێک یان دەستورێک نابێت کە تیایدا بەشداری لە داڕشتنی نەکردبێت و ڕێز لە خواستی گەلانی ناوچەکەی نەگرێت.

گوتیشی ئەوان سوورن لەسەر چارەسەرکردنی قەیرانی ناوخۆی سوریا بە ڕێگەی ئاشتیـیانە وە ئامادەن لەگەڵ حکومەتی سوریا دانوستاندن بکەن بە مەرجێک ڕووسیا متمانەیان پـێبدات.

لوقمان ئەحمی لە بەشێکی قسەکانی باسی لە لەشکرکێشیـیەکەی تورکیا کرد و گوتی دەوڵەتی تورکیا و گروپەکانی لایەنگری لە بەردەم چاوی جیهاندا تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدەن کە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس.

XS
SM
MD
LG