Accessibility links

کۆمەڵەی سوریا: لە ماوەی ئەمساڵدا 173 کەسی سیڤیل بە مین و تەقەمەنی چێنراو گیانیان لەدەستداوە


کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا بە لایەنی کەم 173 کەسی سیڤیل لە وڵاتەکە کوژراون بەهۆی تەقینەوەی مین و پاشماوەی تەقەمەنیـیەکانی جەنگەوە.

کۆمەڵەکە کە بنکەیەی لە بەریتانیایە و پەیوەندی بە تۆڕێکی گەورەی چالاکوانان لە ناو سوریا هەیە، ئەمڕۆ پـێنجشەممە ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی 41 کەس لە کوژراوەکان منداڵ بوون وە 40 کەسیشیان لەو کاتەدا کوژران کە لە دەشتەکاندا قارچک و دوومەڵانیان کۆکردبووەوە.

لایەنە بەشەڕ هاتووەکانی سوریا لەو کاتەوەی کە شەڕەکە لە ساڵی 2011 دەستیپێکرد هەموویان مین و تەقەمەنیان لە دەشت و ناوچەکانی دانیشتوانیش چاندووە.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لە سەرانسەری وڵاتەکە زیاتر لە 10 ملیۆن کەس لەو ناوچانە دەژین کە تەقەمەنیان لێچێنراون.

نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆڤیانە (OCHA) گوتی بەهۆی ئەو مینی و تەقەمەنیـیانە ڕۆژانە کەسانی سیڤیل ژیانی خۆیان لەدەست دەدەن یاخود بۆ تەواوی ژیانیان جەستەیان دەشێوێت.

نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مین (UNMAS) دەڵێت بوونی مین و تەقەمەنی لە زەویـیە کشتوکاڵیـیەکان بووەتە کۆسپ لە بەردەم کێڵاندنی ئەو زەویـیانە.

لە مانگی حەوتی ساڵی 2018 نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مین یاداشتێکی تێگەیشتنی لەگەڵ حکومەتدا مۆرکرد بۆ دامەزراندنی نوێنەرایەتیەکی هەمیشەیی لە دیمەشق.

شەڕەکەی سوریا بووەتە مایەی گیان لەدەستدانی زیاتر لە 370 هەزار کەس و ئاوارەبوونی بە ملیۆنانی دیکە لەوەتەی لە ساڵی 2011 وە دەستیپـێکردووە.

XS
SM
MD
LG