Accessibility links

ڕاپـۆرتە هەواڵیـیەکان: لە ڕۆژهەڵاتی سوریا بە فڕۆکە لە هێزی سەر بە ئێران دراوە


کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر 5 شوێنی لەشکری لە ڕۆژهەڵاتی سوریا کە هێزی ئێرانی و حزبوڵڵا و ملیشیای عێراقیـیان لێـیە.

سامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری کۆمەڵەکە ئەمڕۆ دووشەممە لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی BBC ی عەرەبی گوتی بە لایەنی کەم 18 ئەندامی میلیشیاکان کوژراون و لە هێرشەکەدا کۆگای تەقەمەنی کراونەتە ئامانج و نازانرێت ئایە موشەکیان تێدابووە یان نا.

گوتیشی هەروەها نازانرێت کێ لە پشت هێرشەکەوە بووە و هەتا ئێستا نە حکومەتی و سوریا و نە ئێران باسیان نەکردووە.

پـێشتر کۆمەڵەکە لەسەر ماڵپەڕەکەی نووسیویەتی لە شەوەوە هێرشەکان ئەنجام درابوون و چەندان شوێنی گرتبووەوە، لەوانە سەنتەری ئیمام عەلی و ناوچەی پـشتێنەی سەوز و ناوچەی پـیشەسازی لە نزیک شاری بوکەمال.

لە لایەکی دیکە هەواڵ هەیە باس لەوە دەکات هێزی حەشدی شەعبی لە هێرشەکەدا کراوەنەتە ئامانج.

هاشم هاشمی شارەزای ئاسایشی عێراق لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی بارەگا و شوێنی هاوبەشی هێزە عێراقیـیەکان لە دێر زور لەلایەن فڕۆکەی نەزانراوەوە کراوەنەتە ئامانج کە ڕەنگە فڕۆکەی ئیسرائیلی بووبن.

دەشڵێت هێزە عێراقیـیەکان بریتین لە حەیدەریون و ئەلئیبدال و حزبوڵڵا و لەگەڵ گروپێکی دیکە کە هێشتا بۆی یەکلا نەبووەتە ئایە گروپی فاتمیونن یان ئوم ئەلنوجەبا. دەشڵێت بە پـێی زانیاریـیەکانی لە ناو سوریاوە پێی گەیشتوون 6 کەس کوژراون و 17 کەسیش برینداربوون.

هاوکات بەهۆی ئەم بۆردومانەوە، کردنەوەی فەرمی دەروازەی قائمی نێوان سوریا و عێراق دواخرا کە بڕیاربوو لەماوەی ئەم دوو ڕۆژەدا بکرێتەوە.

XS
SM
MD
LG