Accessibility links

هێزەکانی حکومەتی سوریا پـێشڕەوی زیاتر دەکەن بە ئاڕاستەی شاری خان شەیخون


هێزەکانی حکومەتی سوریا ئەمڕۆ پـێنجشەممە کۆنترۆڵی چەند گوندێکی دیکەیان لە باکوری ڕۆژئاوای وڵاتەکەیان کرد کە پـێشتر لە ژێر دەستی گروپە جیهادیـیەکاندا بوون و بەمەش زیاتر لە شاری خان شەیخون نزیکبوونەتەوە.

ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت ئامانجی ئەم پـێشڕەویـیەی هێزەکانی ڕژیم، گەمارۆدانی شاری خان شەیخونە و پاشان گەیشتن بە جادەیەکی سەرەکی کە پارێزگای حەلەب بە دیمەشقی پایتەخت دەبەستێتەوە لە ڕێگەی پارێزگای ئیدلیبەوە.

لە ئێستادا هێزەکانی حکومەت نزیکەی 3 کیلۆمەتر لە باکوری ڕۆژئاوای شارۆچکەی خان شەیخونەوە دورن پاش ئەوەی 5 گوندیان کۆنترۆڵکرد.

ماوەی هەفتەیەکە هێزەکانی حکومەتی سوریا بە پـشتیوانی هێزی ئاسمانی ڕووسیا هێرشێکی گەورەیان دەستپـێکردووە بۆ سەر ناوچەکانی باشوری پارێزگای ئیدلیب کە لە ژێر دەستی هاوبەندی ناسراو بە "هيئة تحرير الشام" بەرەی نوسرەی جارانە.

بەپـێی ڕامی عەبدولڕەحمان لە میانەی شەڕ و پـێکدادانەکانی ئەمڕۆ 5 چەکداری حکومەت و 11 چەکداری گروپە جیهادیـیەکان کوژراون و لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکەکانی حکومەت کەسێک لە باشوری ئیدلیب کوژراوە.

دوێنێ (چوارشەممە) چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن فڕۆکەیەکی جەنگی حکومەتیان خستە خوارێ و فڕۆکەوانەکەیان دەستگیرکرد.

XS
SM
MD
LG