Accessibility links

هێزەکانی حکومەتی سوریا چەند ناوچەیەکی پارێزگای حەما کۆنترڵ دەکەن


هێزەکانی حکومەتی سوریا بە پاڵپشتی هێزی ڕووسی و لە پاش چەند ڕۆژێک لە هێرشی ئاسمانی توانیویانە چەند ناوچەیەک کۆنترۆڵبکەن کە بۆ چەند ساڵێک بوو لە ژێر دەستی هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریادا بوون.

ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری کۆمەڵی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی (فەڕەنسا 24)گوتی لە پاش بۆردومانێکی چڕی ئاسمانی، هێزەکانی حکومەت لە دوێنێوە پـێشڕەویـیان کردووە و شارۆچکەی کەفر نبودەی پارێزگای حەمایان کۆنترۆڵکردووە. گوتیشی هەتا ئێستا ژمارەی خەڵکی ئاوارە لەو ناوچانە گەیشتووەتە زیاتر لە 300 هەزار کەس و زۆربەیان ڕوویانکردووەتە ناوچە کشتوکاڵیـیەکانی باکوری پارێزگای حەما و باشوری پارێزگای ئیدلیب.

ڕامی عەبدولڕەحمان باسی لەوەش کرد هێزەکانی حکومەت بە یارمەتی هێزی ڕووسی هەوڵ دەدەن پـێشڕەوی بکەن بە ئاڕاستەی شاری خان شەیخون و ناوچەی ئەلهبیتی (الهبيط) باشوری پارێزگای ئیدلیب، بۆیە لە ئێستادا بە تۆپ و فڕۆکە لەو ناوچانە دەدرێن.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد لە ماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوو 1865 هێرشی ئاسمانی کراونەتە سەر ئەو ناوچانە و جگە لەوە 916 بۆمبی بەرمیلی، ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایش قەدەغەی کردووە، لە لایەن هەلیکۆپتەرەکانی حکومەتەوە بەردراونەتەوە.

پـێشتر هەر ئەمڕۆ کۆمەڵەکە لەسەر ماڵپەڕەکەی ڕایگەیاند ناوچەی " قلعة المضيق" و گوندەکانی دەوروبەری لە پارێزگای حەما لە لایەن هێزەکانی حکومەت کۆنترۆڵکراونەتەوە.

هەموو ئەو ناوچانە لە ژێر کۆنترۆڵی گروپی هەیئەت تەحریر ئەلشام (بەرەی نوسرەی جاران) و چەند گروپـێکی دیکەی بچوکی وەک جەیش ئەلعزە و جەیش ئەلنەسر بوون.

XS
SM
MD
LG