Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە 152 هەزار کەس لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا بەهۆی هێرشی ئاسمانیـیەوە ئاوارەبوون


نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لە ماوەی هەفتەی ڕابردوو زیاتر لە 152 هەزار کەس لە ناوچەکانی باکوری ڕۆژئاوای سوریا ئاوارەبوون، پاش ئەوەی هێرشە ئاسمانیـیەکانی حکومەتی سوریا و ڕووسیای هاوپەیمانی بۆ سەر ئەو ناوچانە زیادیانکردووە.

دەیڤد سوانسن کاربەدەست لە ئۆفیسی هەماهەنگی بۆ کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان OCHA ئەمڕۆ سێشەممە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس گوت نیگەرانن سەبارەت بەو ڕاپـۆرتە بەردەوامانەی پـێـیان دەگات و ئاماژە بە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوەند و ژێرخانی شارەکان دەکەن.

باسی لەوەش کرد ناوچەکان کەوتوونەتە باشوری پارێزگای ئیدلیب و باکوری پارێزگای حەما کە لە ژێر دەستی گروپی هەیئەت تەحریر ئەلشامن (بەرەی نوسرەی جاران).

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لە نێوان 29 ی مانگی چوار و 6 ی مانگی پـێنج بەلایەنی کەم 12 بنکەی تەندروستی بۆردومانکراون، ئەو بنکانەش خزمەتگوزاری تەندروستیان پـێشکەش بە زیاتر لە 100 هەزار کەسی ناوچەکە دەکرد.

دەیڤد سوانسن گوتی هێرشەکان بوونەتە هۆی گیان لەدەستدانی 3 کارمەندی تەندروستی و ئێستا کار لەو بنکانە ڕاگیراون.

XS
SM
MD
LG