Accessibility links

بەهۆی سەرما و خراپی باری تەندروستی 15 منداڵی ئاوارەی سوری گیانیان لەدەست دەدەن


بەڕێوەبەرێک لە ڕێکخراوی یونیسێف دەڵێت 15 منداڵی ئاوارەی سوری کە زۆربەیان ساوابوون بەهۆی سەرما و کەمی خزمەتگوزاری تەندروستی گیانیان لەدەستداوە.

خێرت کاپالارێ بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکا لە یونیسێف ئەمڕۆ سێشەممە گوتی لە کەمپی ڕوکبانی نزیک سنووری سوریا لەگەڵ ئوردن تەنیا لە ماوەی یەک مانگدا 8 منداڵ گیانیان لەدەستداوە و زۆربەیان تەمەنیان خوار چوار مانگەوەیە و تەنانەت یەکێکیان تەمەنی یەک کاژمێربووە.

گوتیشی ژمارەی دانیشتوانی کەمپەکە 45 هەزار کەسە و نزیکەی 80% ی ژن و منداڵن، وە بەهۆی ئەو سەرما زۆرە و نەبوونی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ دایکەکان بەر لەوەی منداڵەکانیان ببێت هێندەی دیکە دۆخی منداڵەکانی خراپترکردووە.

لە لایەکی دیکە بەهۆی شەڕەکانی دژی داعش لە ناوچەی هەجینی پارێزگای دێر زور، نزیکەی 10 هەزار کەس ئاوارەبوون. هەندێک لەو خێزانانە بۆ چەند ڕۆژێک لە شوێنی سارد چاوەڕێـیانکردووە هەتا بە شوێنی ئارام گەیشتوون. خێرت کاپالارێ دەڵێت لەم ناوچەیەش 7 منداڵ گیانیان لەدەستداوە و زۆربەیان تەمەنیان لە ساڵێک زیاتر نەبووە.

پاشان داوای لە هەموو لایەنەکانی شەڕی ناو سوریا کرد ڕێگەی پارێزراو بۆ هەموو ئەو خێزانانە دابینبکەن کە دەیانەوێت ناوچەکانی شەڕ و پـێکدادان جێبهێڵن. هەروەها کارئاسانیش بکرێت بۆ گەیاندنی پـێدوایسیـیەکان و ڕێگا بکرێنەوە بۆ گەیاندنی کاروانی مرۆیی بۆ کەمپی ڕوکبان.

XS
SM
MD
LG