Accessibility links

دی میستورا بە نیازە کۆبوونەوەیەک لە نێوان ئێران و ڕووسیا و تورکیا سازبکات لە بارەی کۆمیتەی نووسینەوەی دەستوری سوریا


نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا دەڵێت بە نیازە لە مانگی نۆ کۆبوونەوەیەک لە نێوان ئێران و ڕووسیا و تورکیا سازبکات لە بارەی پـێکهێنانی کۆمیتەیەک بۆ نووسینەوەی دەستوری نوێی سوریا.

ئۆفیسی ستیفان دی میستورا ئەمڕۆ سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند" نێردراوی تایبەت خوازیارە لە سەرەتای مانگی نۆ لە جنێڤ وتووێژێکی فەرمی ئەنجام بدات لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و دەوڵەتی فیدراڵی ڕووسیا و کۆماری تورکیا بە مەبەستی پـێکهێنانی کۆمیتەی دەستوری."

دی میستورا کە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەستنیشانکراوە بۆ کۆتایی‌هێنان بە شەڕی ناوخۆی سوریا و بەدیهێنانی ئاشتی لەو وڵاتە، لە مانگی یەک لە میانەی کۆنگرەیەک بە پشـتیوانی ڕووسیا لە سوچی، ڕاسپێردرا کۆمیتەیەک پـێکبهێنێت بۆ نووسینەوەی دەستوری نوێی سوریا.

هەفتەی ڕابردوو دی میستورا بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی گوت، ئەو بەنیازە بەر لە کۆبوونەوەی ڕێبەرانی جیهان لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی نۆ، ئەو کۆمیتەیە پـێکبهێنێت.

حکومەتی سوریا تێبینی نەرێنی لەم بارەیەوە هەیە، بەڵام لە مانگی پـێنج لیستێکی بە ناوی ئەو کاربەدەستانە ڕەوانەکرد تاوەکو بەشداری بکەن لەو هەوڵە دیپـلۆماتیـیە نوێـیە. ئۆپـۆزسیۆنیش لەم دوایـیانە لیستێکی بە ناوی شاندەکەی ناردووە.

جێی ئاماژەیە مەزەندە دەکرێت بەهۆی شەڕی ناوخۆی سوریا کە لە ساڵی 2011 وە هەڵگیرساوە، زیاتر لە 350 هەزار کەس کوژرابن و بە ملیۆنان کەسی دیکە ئاوارە و دەربەدەری بوون.

XS
SM
MD
LG