گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا ئەمڕۆ هەینی لە باشوری وڵاتەکەیان لەگەڵ ڕووسەکان کۆبوونەتەوە بۆ دانوستاندن لە بارەی چۆنیەتی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتیان لەو ناوچانە لە بەرامبەر سەلامەتی خۆیان و خێزانەکانیان.
حسێن ئەبازەید گوتەبێژی سەرکردایەتی هاوبەشی گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆن لە باشوری سوریا ئەمڕۆ بۆ ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پـرسی ڕاگەیاند شاندەکەیان بەرەو بوسرە ئەلشام بەڕێکەوتوون تاوەکو لەگەڵ ڕووسەکاندا کۆببنەوە. پـێشتر گوتبوی مۆسکۆ سیاسەتی سوتاندن و ێرانکردن بەکاردەهێنێت تاوەکو ناچاریان بکات دانوستاندن بکەن.
دانوستاندنەکان دەکرێن لەسەر ڕادەستکردنی چەکە قورسەکانی ئۆپـۆزسیۆن و پاشان هێزی پـۆلیسی ناوچەکە بەرپـرسیارێتی ئاسایشی لە ئەستۆبگرن و دامودەزگاکانی حکومەت دەستبکەنەوە بە کارکردن لە ناوچەکە.
کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت فڕۆکە جەنگیـیەکانی ڕووسیا و حکومەتی سوریا لە شەوی چوارشەممەوە هەتا پـێنجەشەممە و لە ماوەی 15 کاژمێردا زیاتر لە 600 هێرشی ئاسمانیـیان ئەنجامداوە بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن لە پارێزگای دەرعا. دەشڵێت هاوکات هەلیکۆپتەری جەنگی حکومەت بۆمبی بەرمیلی بۆ سەر چەند ناوچەیەک هەڵداوە.