Accessibility links

ڕووسیا و تورکیا و ئێران یاداشتنامەیەک مۆردەکەن بۆ دامەزراندنی ناوچەی پارێزراو لە سوریا

  • VOA News

هەریەک لە ڕووسیا و تورکیا و ئێران لەسەر دامەزراندنی ناوچەی پارێزراو لە سوریا قایلبوون و بۆ ئەم مەبەستە یاداشتنامەیەکیان مۆرکردووە.

ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە پەراوێزی وتووێژەکانی ئاشتی سوریا لە ئەستانەی پایتەختی کازاخستان سەرۆکی شاندەکانی ئەم سێ وڵاتەی سەرپەرشتی وتووێژەکان دەکەن، یاداشتنامەکەیان واژوکرد کە تیایدا باس لە دامەزراندنی ناوچەی پارێزراو دەکات لە ژێر ناوی "ناوچە بۆ هێورکردنەوەی پەرەسەندنەکان" لە سوریا، ئەمەش بەپـێی پـلانێکی کرێملین کە دەڵێت بۆ جێگیرکردنی ئاگربەستەکەیە.

لایەنەکانی ئۆپـۆزسیۆن ئەوانەی بەشداریـیان لە وتووێژەکاندا کرد، تێبینیان لەسەر ڕێکەوتنەکە هەیە کە حکومەتی سوریا پەسەندی کردووە. یەک لە ئەندامانی شاندی ئۆپـۆزسیۆن هۆڵی کۆبوونەوەکەی جێهێشت وەک دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر واژوکردنی ئێران لەسەر یاداشتنامەکە.

ئوسامە ئەبو زەید گوتەبێژی شاندی ئۆپـۆزسیۆن گوتی" ئێمە لایەنێـک نین لەم ڕێکەوتنە، ئەوە ڕێکەوتنی نێوان ئەو سێ وڵاتەیە. بێ گومان قایل نابین بەوەی ئێران زامنی ڕێکەوتنەکە بێت."

حکومەت و ئۆپـۆزسیۆنی سوریا هیچ کامێـکیان واژویان لەسەر یاداشتنامەکە نەکردووە.

بەپـێی یاداشتنامەکە دەبێت ناوچەی پارێزراو لە شوێنەکانی ئۆپـۆزسیۆن دابمەزرێن لە پارێزگای ئیدلیب لە باکور و پارێزگای حومس لە ناوەڕاستی وڵاتەکە و چەند ناوچەیەک لە باشوری وڵاتەکە و غوتەی شەرقی لە نزیک دیمەشقی پایتەخت.

XS
SM
MD
LG