Accessibility links

ڕاگواستنی دانیشتوانی چەند ناوچەیەکی شیعە و سووننە لە سوریا دەسـتپـێدەکات


ڕاگواستنی دانیشتوانی چوار ناوچەی سوریا ئەمڕۆ هەینی دەسـتیپـێکرد و دەیان پاس ئەو ناوچانەیان جێهێشتووە کە دووانیان زۆرینە شیعەن و دووانەکەی دیکەیان زۆرینە سووننە.

پەیامنێری ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دەڵێت 75 پاسی پڕ لە ژن و منداڵ و پـیاوی بە تەمەن لە هەردوو شارۆچکەی ئەلفۆعە و کەفرەیای زۆرینە شیعە لە پارێزگای ئیدلیبەوە گەیشتوونەتە ناوچەی ئەلڕاشدینی پارێزگای حەلەب کە دوایـین خاڵی هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریای لێـیە. دەشڵێت دەیان چەکداری ئۆپۆزسیۆن یاوەری پاسەکانیان کردبوو.

هاوکات لە هەردوو شارۆچکەی زەبەدانی و مەزایای زۆرینە سووننە لە باکوری ڕۆژئاوای دیمەشق چەکدارانی سەر ئۆپـۆزسیۆن و خێزانەکانیان بە دەیان پاس گواسترانەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی ژێر دەستی ئۆپـۆزسیۆن.

ئەمجەد ئەلمالح کە دانیشتویەکی مەزایایە و لە نێو یەکێـک لە پاسەکاندابووە، بە فڕانس پـرێسی گوتووە ئەوان 2200 کەسن و بە 65 پاس دەیانگوێزنەوە. گوتوشیەتی زۆربەیان ژن و منداڵن و لە شەوی ڕابردووەوە چاوەڕوانی پاسەکانیان کردبوو. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد ڕێگەیان داوە چەکدارەکانی ئۆپـۆزسیۆن چەکە سووکەکانیان لەگەڵ خۆیان بەرن.

جێی ئاماژەیە لە مانگی ڕابردووەوە حکومەت و ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەم ڕێکەوتنە گەیشتن بە یارمەتی ئێران و قەتەر، بەڵام چەند جارێـک بەهۆی هۆکاری جیاواز جێبەجێکردنی دواخرا.

بەپـێی ڕێکەوتنەکە دانیشتوانی ئەلفۆعە و کەفرەیا کە بە هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆن گەمارۆدراون و بە 16 هەزار کەس مەزەندەدەکرێن، ڕادەگوازرێن لە بەرامبەر ڕاگواستنی ئەوانەی دەیانەوێت زەبەدانی و مەزایای گەمارۆدراو بە هێزەکانی حکومەت چۆڵ بکەن.

XS
SM
MD
LG