Accessibility links

گرۆپەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا لەسەر بەشداریکردن لە دانوستاندنەکانی ئەستانە قایلن


گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا دەڵێن بەشداری لە دانوسـتاندنەکانی ئەستانەی پایتەختی کازاخستان دەکەن، ئەوانەی بڕیارن لە 23 ی ئەم مانگە بە سەرپەرشتی ڕووسیا و تورکیا و ئێران لە نێوان حکومەت و ئۆپـۆزسیۆنی سوریا دەسـتپـێبکەن.

محەمەد عەلوش سەرکردەی ناسراوی نێو گروپی جەیش ئەلئیسلام کە بڕیارە یەک لە ئەندامە باڵاکانی نێو شاندی وتووێژکاری ئۆپـۆزسیۆندابێت، ئەمڕۆ دووشەممە بە هەردوو ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس و ڕۆیتەرزی گوت هەموو گروپەکان قایلن و بەشداری دەکەن. گوتیشی ئامانجیان ڕاگرتنی هێرشەکانی ڕژێم و هاوپەیمانانێتی.

ئەحمەد عوسمان سەرکردە لە گروپی سوڵتان موراد، ئەوەی تورکیا پاڵپشـتی دەکات، ئەویش بە فڕانس پـرێسی گوت گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆن بڕیاریان داوە بەرەو دانوسـتاندنەکان بڕۆن.

ئوسامە ئەبو زەید ڕاوێژکاری یاسایی ئۆپـزسیۆن ئەویش لای خۆیەوە گوتی جگە لەو گروپانەی پەیوەندیـیان بە قاعیدە و بەرەی فەتحی شامەوە هەیە، ئەوانی دیکە کە هەموو گروپە میانڕەوەکانن بەشداری دەکەن.

بەپـێی ڕێکەوتنەکەی نێوان ڕووسیا و تورکیا و ئێران، نابێت داعش و بەرەی فەتحی شام (نوسرەی جاران) بەشداری لە وتووێژەکانی ئاشتیدا بکەن.

هاوکات سێرگێی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لەگەڵ هاوتا تورکەکەی مەولود چاوش‌ئۆغڵو تاووتوێی دانوسـتاندنە چاوەڕوانکراوەکانی ئەستانەی کرد. هەر بۆ هەمان مەبەست میخائیل بۆگدانۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و ڕەمزی عزەدین ڕەمزی جێگری نێردراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قەیرانی سوریا وتوویژیان کرد.

نەتەوە یەکگرتووەکان خوازیارە لە 8 ی مانگی دوو دانوستاندنەکان لە جنێڤ دەسـتپـێبکەنەوە. مۆسکۆ و ئەنکەر جەخت دەکەنەوە دانوستاندنەکانی ئەستانە لەبری بۆ ئەوانەی جنێڤ نابن.

هەتا ئێستا هیچ کام لە هەوڵەکانی ئاشتی ئەنجامێـکیان لێ نەکەوتووەتەوە بۆ ڕاگرتنی ئەو شەڕە ناوخۆیـیەی سوریا کە لە مانگی سێی ساڵی 2011 وە هەڵگیرساوە و هەتا ئێستا بووەتە مایەی کوژرانی زیاتر لە 310 هەزار کەس و وێرانبوونی لایەک لە شار و شارۆچکەکانی وڵاتەکە و ئاوارەبوونی زیاتر لە نێوەی دانیشتوانی سوریا و بەشێـکی زۆریان ڕوویان لە وڵاتانی ناوچەکە کردووە.

XS
SM
MD
LG