Accessibility links

ئۆپـۆزسیۆنی سوریا وتووێژەکانی لە بارەی دانوستاندنەکانی کازاخستان ڕادەگرێت


لایەنەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا ڕایانگەیاند هەموو وتووێژەکانیان ڕادەگرن لە بارەی دانوسـتاندنەکانی ئاشتی، ئەوانەی بڕیارە لە ئەستانەی پایتەختی کازاخستان سازبکرێن، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر پـێشێلکردنی ئاگربەستەکە لە لایەن حکومەتەوە.

ئۆپـۆزسیۆنی سوریا شەوی دووشەممە لە بەیانـنامەیەکدا گوتی بەهۆی بەردەوامبوونی پـێشێلکردنی ئاگربەستەکە لە لایەن هێزەکانی سەر بە حکومەت لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوو، بڕیاریان داوە هەموو وتووێژێـک ڕابگرن کە پەیوەندیـیان بە دانوستاندنەکانی ئەستانەوە هەیە، ئەمەش هەتا ئەو کاتەی ئاگربەستەکە بە تەواوی جێبەجێ دەکرێت.

دەشڵێن ڕژێم و هاوپەیمانانی دیانەوێت کۆنترۆڵی ناوچەی دیکە بکەن، ئەمەش بۆخۆی پـێشێلکردنێـکی سەرەکی ئەو ڕێکەوتنەیە کە بە ناوبژیوانی ڕووسیا و تورکیا پـێی گەیشتوون و لە ڕۆژی هەینیـیەوە چووەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

لە بەشێـکی بەیانـنامەکەدا، ئۆپـۆزسیۆنی سوریا نووسیویەتی ئەوان لە سەرانسەری وڵاتەکە پابەندی ئاگربەستەکە بوون، بەڵام ڕژێم و هاوپەیمانانی بەردەوامبوون لە هێرشکردن، بە تایبەتی لە دۆڵی بەرەدا و غوتەی شەرقی و ناوچە گوندنشینەکانی حەما و دەرعا.

XS
SM
MD
LG