Accessibility links

لاڤرۆڤ: ڕووسیا و تورکیا و ئێران ئامادەن بۆ ناوبژیوانی نێوان سوریـیەکان


وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دەڵێت هەرسێ وڵاتی ڕووسیا و تورکیا و ئێران ئامادەن بۆ ناوبژیوانی نێوان سوریـیەکان و ڕێکەوتوون کە شەڕی دژی تێرۆر لە سوریا دەبێت لە پـێش هەموو شتێـکەوە بێت، نەک مسەلەی ڕووخاندنی حکومەتی بەشار ئەسەد.

سێرگێی لاڤرۆڤ ئەمڕۆ سێشەممە لە مۆسکۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ هەردوو وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئێران، گوتیشی هەرسێ وڵات ئامادەن یارمەتی بدەن لە جێبەجێکردنی هەر ڕێکەوتنێـک کە حکومەت و ئۆپـۆزسیۆنی سوریا پـێی بگەن.

پاشان هەر یەک لە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران و مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئەوانیش جەختیان کردەوە کە دەبێت بە ڕێگەی سیاسی کێشەی ناو سوریا چارەسەربکرێت، یەڵام بەو مەرجەی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سوریا پارێزراوبێت.

لە پاش کۆبوونەوە و کۆنگرە ڕۆژنامەوانیـیەکە، لاڤرۆڤ لە پەیوەندیـیەکی تەلەفۆنیدا جان کێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکای لە ئەنجامی کۆبوونەوەکان ئاگادارکردەوە و پـێی ڕاگەیاند بە نیازن لە ئەستانای پایتەختی کازاخستان دانوستاندن سازبکەن لە نێوان حکومەت و ئۆپـۆزسیۆنی سوریا.

XS
SM
MD
LG