Accessibility links

فڕۆکەکانی سوریا بە چڕی گەڕەکەکانی ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب بۆردومان دەکەن


ڕژێمی سوریا ئەمڕۆ سێشەممە بە فڕۆکە جەنگی و هەلیکۆپـتەر بە چڕی گەڕەکەکانی ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەبی بۆردومان کرد، ئەمەش پاش چەند هەفتەیەک لە هێورکردنەوەی هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو ناوچە گەمارۆدراوەی ژێر دەستی ئۆپـۆزسیۆن.

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت گەڕەکەکانی فردەوس، مەساکن هەنانۆ، شێخ فراس، حەیدەریـیە، قازی عەسکر، باب نەیرب، چەندان ناوچەی دیکەی بەشی ڕۆژهەڵاتی شارەکە بە فرۆکە بۆردومانکراون.

ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری کۆمەڵەکە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت لەوەتای 18 ی مانگی دەوە ئەمە یەکەم جارە بە بۆمبی بەرمیلی لەو گەڕەکانەی شارەکە دەدرێنەوە.

وێنەگرێـکی فڕانس پـرێس دەڵێت هەردوو گەڕەکی مەساکن هەنانۆ و ساخور بە بۆمبی بەرمیلی و بۆمبی پەرەشوتی بۆردومانکراون.

جێی ئاماژەیە لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوو هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا هەڵمەتێـکی گەورەیان ئەنجام دا بە مەبەستی شکاندنی گەمارۆی سەر گەڕەکەکانی ژێر دەسـتیان لە حەلەب. هەرچەندە زیانێـکی زۆریان بە هێزەکانی حکومەت گەیاند، بەڵام لە هەوڵەکەیان سەرکەوتوو نەبوو.

لەوەتای 27 ی مانگی حەوتەوە ئەو گەڕەکانەی شاری حەلەب بە تەواوی لە لایەن هێزەکانی حکومەتەوە گەمارۆدراون و دانیشتوانەکەی لە دۆخێـکی ئێجگار خراپدان.

XS
SM
MD
LG