Accessibility links

ئۆپـۆزسیۆنی سوریا دەڵێت ژمارەیەکی باش لە ڕۆکێتی مەودا دوری لە چەند وڵاتێـکی بیانی وەرگرتووە


فەرماندەیەکی هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا دەڵێت چەند وڵاتێـکی بیانی ڕۆکێتی جۆری گرادی زەوی بۆ زەوی مەودا دوریان داونەتێ کە پـێشتر وەریان نەگرتبوو، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر ئەو هێرشە گەورەیەی هێزەکانی حکومەت بە پاڵپشـتی ڕووسیا دەیکەنە سەر شاری حەلەب.

عەقید فارس ئەلبەیوش ئەمڕۆ چوارشەممە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوت ژمارەیەکی زۆر باش لەو جۆرە ڕۆکێتی گرادانەیان وەرگرتووە کە مەوداکانیان دەگاتە 22 هەتا 40 کیلۆمەتر. گوتیشی بەنیازن لە بەرەکانی شەڕ لە حەلەب و حەما و ناوچە کەناریـیەکان بەکاریان بهێنن.

هەروەها گوتویەتی ئەمە یەکەم جارە ئەم جۆرە ڕۆکێتە وەربگرن کە هەموو 40 ڕۆکێتێـکیان لە یەک باردایە، بەڵام ژمارەکەیانی ئاشکرا نەکرد. باسی لەوەش کرد هیچ ئاماژەیەک نیـیە کە چەکی دژە فڕۆکەشیان بدەنێ کە هەرچەندە داوایان کردبوو.

جێی ئاماژەیە ڕۆژی دووشەممە چەکدارانی ئۆپـۆزسیۆن لەسەر یوتیوب ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە کە تیایدا نیشانی دەدەن بە ڕۆکێتی جۆری گراد لە شوێنەکانی حکومەت لە نزیک حەلەب دەدەن. ئەلبەیوش بۆ ڕۆیتەرزی پشـتڕاستکردەوە ئەو ڕۆکێتانە لەم دوایـیانەدا وەریانگرتبوو.

ڕۆیتەرز لە درێژەی هەواڵەکەیدا دەڵێت ئۆپـۆزسیۆنی سوریا لە ڕێگەی سەنتەرێـکی هەماهەنگی کە ئەمەریکا لە تورکیا پشتیوانی لێدەکات چەک و تەقەمەنی وەردەگرن.

پـێشتر ئۆپـۆزسیۆنی سوریا ڕۆکێتی گرادی دروسـتکراوی ڕووسیایان لە چەند وڵاتێـکی بیانی وەرگرتبوو کە مەوداکانیان هەتا 20 کیلۆمەترە.

XS
SM
MD
LG