Accessibility links

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری: ژمارەی کوژراوانی ئاکامی شەڕی ناوخۆی سوریا گەیشتە زیاتر لە 300 هەزار کەس


کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لە ماوەی زیاتر لە 5 ساڵی ڕاپەڕین و شەڕی ناوخۆی سوریا زیاتر لە 300 هەزار کەس گیانیان لەدەسـتداوە، لەوانە بەشێـکی زۆریان خەڵکی سیڤیل بوون.

کۆمەڵەکە کە بنکەکەی لە بەریتانیایە و پەیوەندی بە تۆڕێـکی گەورەی چالاکوانان لە ناو سوریا هەیە، ئەمڕۆ سێشەممە ئامارێـکی لەسەر ماڵپەڕەکەی خۆی بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی لەوەتای لە 18 ی مانگی سێی سـاڵی 2011 ڕاپەڕینی سوریا دەسـتیپـێـکرد و هەتا دوێنێ 12 ی مانگی نۆی 2016 کە 66 مانگ دەکات، بە بەڵگەوە سەلمێنراوە 301 هەزار و 781 کەس کوژراون.

بەپـێی ئامارەکە لەوانە 86 هەزار و 692 کەسی سیڤیل بوون کە بە لایەنی کەم 15 هەزار و 99 کەسیان منداڵ و مێرمنداڵی خوار تەمەنی 18 سـاڵ بوون و 10 هەزار و 18 کچ و ژنی سەروو 18 سـاڵ بوون.

هەروەها 48 هەزار و 766 چەکدار و شەڕڤان لە هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆن بە ئیسلامیـیەکان و هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە کوژراون.

ژمارەی کوژراوانیش لە نێو ئەوانەی لە هێزەکانی ڕژێمی سوریا جیابوونەوە گەیشتووەتە 3593 کوژراو.

هاوکات 59 هەزار ئەفسەر و سەربازی لەشکری ڕژێم کوژراون لەگەڵ 41 هەزار و 564 چەکداری هێزەکانی سەر بە ڕژێم، لە هێزەکانی بەرگری نیشتمانی و ئەندامانی حزبی بەعس و لەشکری ڕزگاریخوازی فەڵەستین و سیخوڕ و چەکدارانی ناسراو بە شەبیحە.

ئامارەکە ئاماژە بۆ زیانەکانی حزبوڵڵای لوبنانیش دەکات کە لە پاڵ هێزەکانی ئەسەد شەڕی ئۆپـۆزسیۆن دەکەن، دەڵێت 1321 چەکداریان لە ناو سوریا کوژراون. جگە لە حزبوڵڵا چەکداری شیعەی ئێرانی و ئەفغانی و ڕەگەزنامەی دیکە کە لە پاڵ هێزەکانی ئەسەد شەڕی ئۆپـۆزسیۆنیان کردووە گەیشتووەتە 5163 کوژراو.

لەگەڵ ئەمانەش 52 هەزار و 31 چەکدار کوژراون کە سوری نەبوون و شەڕیان کردبوو بۆ داعش و بەرەی نوسرە و جوند ئەلشام و حزبی ئیسلامی تورکستانی. دەڵێت ئەم کوژراوانە ڕەگەزنامەی عەرەبی و بیانیان هەبووە، وەکو عێراقی، فەڵەستینی، ئوردنی، وڵاتانی کەنداوی عەرەبی، میسری، سودانی، یەمەنی، ئەفغانی، شیشانی، ڕووسی، چینی، هندی، ئەمەریکی، ئوسترالی.

هەروەها 3 هەزار و 645 کەس کوژراون کە وێنە و ڤیدیۆیان گیراوە و هێشتا نەناسراونەتەوە.

XS
SM
MD
LG