Accessibility links

هاوبەندی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا: لایەنی دیکە بەشداری وتووێژەکان بکات ئێمە بەشداری ناکەین


هاوبەندی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا دەڵێت ئەگەربێت و لایەنێـکی سێـیەم بهێنرێتە نێو دانوسـتاندنەکانی ئاشـتیـیەوە، ئەوا ئەوان بەشداری ناکەن، ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ هەوڵەکانی ڕووسیا کە دەیەوێت گروپی دیکەی ئۆپـۆزسیۆنیش بەشداربن.

ڕیاز حیجاب سەرۆکی ئەو دەسـتەیەی مانگی ڕابردوو لە سعودیـیە دامەزرا بۆ ڕێکخستنی کارەکانی دانوسـتاندنی ئاشتی، ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕیازی پایتەخت ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی ناکرێت وتووێژبکەن لەو دەمەی خەڵکی لە سوریا بەهۆی گەمارۆ و بۆردومانەکانەوە گیان لە دەسـت دەدەن.

هاوکات هاوبەندیـیەکە شاندی خۆی بۆ دانوسـتاندنەکان دەسـتنیشانکرد کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە 25 ی مانگی یەک لە ژنێڤ بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ شاندی حکومەت وتووێژەکانیان دەسـتپـێبکەن.

شاندەکە لە 17 ئەندام پـێکهێنراوە، ئەسعەد عەوەز ئەلزوعبی سەرۆکایەتی دەکات و جۆرج سەبرا جێـگری دەبێت. محەمەد عەلوش بەرپـرسی بەشی سیاسی جەیشی ئیسلام کە لەلایەن دیمەشق و مۆسکۆوە بە گروپـێـکی تێرۆرستی دادەنرێت بە ئەندامێـکی شاندەکە دەسـتنیشانکراوە.

هەروەها جۆرج سەبرا ئەویش گوتی تەنها هاوبەندیـیەکەیان ئەندامانی شاندی ئۆپـۆزسیۆن دەسـتنیشان دەکات و وڵاتانی وەکو ڕووسیا بۆیان نیـیە ناڕەزایی لەسەری دەرببڕن یان هەوڵ بدەن شاندی ئۆپـۆزسیۆن گەورەتر بکەن.

XS
SM
MD
LG