Accessibility links

دوو گولـلە خومپارە لە شاری لازقیـیە سوریا دەتەقێتەوە و 22 کەس دەکوژرێن


میدیاکانی حکومەتی سوریا دەڵێن 2 گولـلە خومپارە گیراونەتە ناو شاری لازقیـیە و لە ئاکامدا بە لایەنی کەم 22 کەس کوژراون و 62 کەسی دیکە برینداربوون.

تەلەفیزیۆنی فەرمی سوریا گوتی گولـلە خومپارەکان لە نزیک زانکۆی تشرین لە ڕۆژهەڵاتی شارەکە تەقیونەتەوە کە لەویادا ژمارەیەکی زۆری خوێندکار کۆبووبوونەوە.

جێی ئاماژەیە لازقیـیە زۆربەی دانیشـتوانەکەی عەلەوین و لە ماوەی چوار سـاڵ و نیوی شەڕی ناوخۆی سوریا بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی سوریا هەتا ڕادەیەک کەمتر دووچاری نائارامی و توندوتیژی بووە. هەروەها لە ناوچە گوندیـیەکانیشی تەنها لە جەبەل ئەلئەکراد و جەبەل ئەلتورکمان ئۆپـۆزسیۆن هەن.

بەر لەم ڕووداوە لە مانگی نۆ ئۆتۆمبیلێـکی بۆمبڕێژکراو لە مەیدانی حەمامی شارەکە تەقیـیەوە و بووە مایەی کوژرانی 10 کەس و برینداربوونی دەیان کەسی دیکە.

هاوکات تەلەفیزیۆنی حکومەتی سوریا گوتی گولـلە خومپارەیەکیش کەوتووە بە ناوچەیەکی دانیشتوان لە دیمەشقی پایتەخت و لەوێش کەسێـک کوژراوە و 5 کەسی دیکە برینداربوون.

XS
SM
MD
LG