Accessibility links

مۆسکۆ بە بەشداری ئێران و میسر لە وتووێژەکانی تایبەت بە سوریا خۆشحاڵە


وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا دەڵێت پـێویستە وتووێژە نێودەوڵەتیـیەکانی لە ڤیەنـنا بەڕێوەدەچن سەبارەت بە قەیرانی سوریا یارمەتیدەربن بۆ ئەنجامدانی دیالۆگێـکی سیاسی لە ناو ئەو وڵاتە و هەروەها ببنە مایەی گەیشتن بە سەودایەکی سیاسی.

ماریا زاخارۆڤا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ئەمڕۆ پـێنجشەممە گوتیشی مۆسکۆ خۆشحاڵە کەوا ئێران و میسر بانگهێشـتکراون بۆ بەشداریکردن لە وتووێژەکاندا.

گوتیشی بەکارهێنانی تواناکانی هەموو لایەنەکانی هەرێمەکە گرنگن بۆ سەرکەوتنی وتووێژەکان، وە تێڕوانینی یەک لایەنە هیچ سوودی نیـیە. هیواشی خواست وتووێژەکان بە ڕاشکاوانە ئەنجام بدرێن و بونیادنەربن.

لە لایەکی دیکەوە ئۆپـۆزسیۆنی سوریا لە دەرەوەی وڵات دەڵێت ڕەتی دەکاتەوە بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا تەنانەت بۆ تاکە ڕۆژێـکیش ڕۆڵی هەبێت لە گواستنەوەی سیاسیدا.

بەسام عەبدوڵـڵا ئەندامی هاوبەندی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا ئەمڕۆ پـێنجشەممە ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی ئەو هەوڵە سیاسیـیانەی لە هاوشێوەی ئەمەی ڤیەننا کە ئەنجام‌دەدرێن تەنها کوشتنی کاتە و بوار بە ڕژێمی ئەسەد دەدات ناوچەی زیاتر لە ئۆپـۆزسیۆن بگرێتەوە.

جێی ئاماژەیە لەم وتووێژانەی ڤیەنـنا ئێران و عەرەبسـتانی سعودیـیە تیایدا بەشداری دەکەن، ئەمەش یەکەم جارە ئەم دوو وڵاتە لە بارەی قەیرانی سوریا وتووێژ بکەن.

XS
SM
MD
LG