Accessibility links

ژمارەی ئاوارە و پەنابەری سوریایی گەیشـتووەتە زیاتر لە 11.5 ملیۆن کەس


ڕێکخراوی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ژمارەی پەنابەرانی سوریایی ئەوانەی ڕوویان لە وڵاتانی دەوروبەر کردووە لە 4 ملیۆن کەس تێپەڕی کردووە، بەمەش دەبێتە گەورەترین قەیران کە دووچاری ڕێـکخراوەکەیان بووەتەوە لە ماوەی نزیکەی چارەکە سەدەیەکدا.

ڕێکخراوەکە کە بارەگاکەی لە ژنێڤی سویسرایە، ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە ڕاپـۆرتێـکیدا نووسیویەتی بەپـێی دوایـین ئاماری فەرمی کە لە وڵاتانی دەوروبەری سوریاوە پـێـیان گەیشتووە 4,013,000 کەسی سوری بوونەتە پەنابەر.

پاشان ڕێکخراوەکە دەڵێت ئەمە بێ لەوەی زیاتر لە 7.6 ملیۆن سوریش لە ناو وڵاتەکەیان ئاوارەبوون و زۆربەیان لە ڕەوشێـکی خراپدا دەژین و لە شوێنانێکن کە سەختە دەسـتی یارمەتیـیان بگاتێ.

ئەنتۆنیۆ گوتێرس کۆمسیاری باڵای ڕێکخراوەکە دەڵێت ئەو ئاوارە و پەنابەرانە بە گشتی لە ڕەوشێـکی خراپدان و ئەمەش وەها دەکات هەتا بێت و ژمارەی زیاتریان ڕوو لە ئەوروپا و شوێنی دورتریش بکەن، بۆیە پـێویسـتیـیان بە یارمەتی جیهانە.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە لەم کاتەی شەڕی ناوخۆی سوریا چووەتە سـاڵی پـێنجەمیـیەوە هێشـتا هیچ هیوایەک نیـیە بۆ تەواوبوونی شەڕەکە، بۆیە هەتا دێت و ژمارەی ئاوارە و پەنابەر ڕوو لە زیادبوونە. دەڵێت تەنها لە ماوەی 10 مانگدا ژمارەی پەنابەران لە 3 ملیۆنەوە بۆ 4 ملیۆن کەس زیایکردووە. پـێشـبینیش دەکات هەتا کۆتایی سـاڵی 2015 ژمارەیان بگاتە 4.27 ملیۆن پەنابەر.

پاشان ڕێکخراوەکە بە وردی باس لە ژمارەی پەنابەران لە وڵاتانی دراوسێی سوریا دەکات، دەڵێت لە تورکیا ژمارەیان 1.805.255 ، لە لوبنان 1.172.753 ، لە ئوردن 629.128 ، لە عێراق 249.726 ، لە میسر 132.375 ، لە وڵاتانی دیکەی باکوری ئەفریکا 24.055 . هەروەها باسیش لەوە دەکات 270 هەزار کەسیش ڕوویان لە ئەوروپا کردووە و داوای مافی پەنابەریـیان کردووە.

لە بەشێـکی دیکەی ڕاپـۆرتەکەدا، نووسراوە ڕێـکخراوەکەیان و ئەوانەشی هاوکاری دەکەن داوای 5.5 ملیار دۆلاریان کردووە بۆ پـێشـکەشکردنی یارمەتی مرۆیی بۆ ئەو لێقەوماوە سوریـیانە لە ماوەی سـاڵی 2015 دا، بەڵام هەتا کۆتایی مانگی شەش کەمتر لە چارەکێـکی ئەو بڕە پارەیەیان پـێـگەیشتووە، ئەمەش دەبێتە مایەی بڕینی بڕێـکی زۆری ئەو یارمەتیـیانەی پێشـکەش دەکرێن بە تایبەتی لە ڕووی خۆراک و خزمەتگوزاری تەندروسـتی.

XS
SM
MD
LG