Accessibility links

بارودۆخی سوریا ساڵێک پاش سزاکانی قەیسەر


سوریا
سوریا

دوای ساڵێک لە پەسەندکردنی سزاکانی قەیسەر لەلایەن کۆنگرێسی ئەمەریکا و شەش مانگ پاش جێبەجێکردنی ئەو سزایانە ئایا دۆخی ڕژێم چۆنە؟ ئایا ئەو سزایانە ئامانجەکانی خۆیان بەجێگەیاندووە یان نا؟

لە حوزەیرانی 2020 ەوە تا ئێستا 114 سزا لە ژێر ناوەی قەیسەرەوە دەرچوون کە 108 کەس و دامەزراوە تیایدا کراون بە ئامانج.

بە گوێرەی چاودێران ، دوایین سزاکان گرنگترینیان بوون، کە سزا بەسەر بانکی ناوەندی سوریادا سەپێنرا. ڕاستەوخۆ کاریگەری هەبوو لەسەر نرخی لیرەی سوریا.

شارەزای کاروباری ئابوری چەلەنگ عەمەر لەمبارەیەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " بانکی ناوەندی کراوەتە ئامانج و ئەسما ئەلئەسەدی هاوژینی سەرۆکی سوریا و تەواوی خێزانەکەی کراونەتە ئەمانج. ئەم سزایە هەمو کەرتە دراوییەکانی ناو وڵاتەکەش دەگرێتەوە نەک تەنها بانکی ناوەندی بەڵکو بانکە تایبەتەکانیش دەبنە ئامانج و ئەو دانوستاندنە بازرگانیانەی لە ڕێگای ئەوانەوە دەکران کۆتاییان پێدێت و ڕێگە لەوانیش دەگیرێت."

لە ئاکامی سزاکان بۆ سەر بانکی ناوەندی سوریا دوو کاریگەری دەستبەجی لەسەر ڕەوشی ئابوری دەرکەوت، یەکەمیان هەوڵەکانی بانکە بیانییەکانە بۆ دەرچوونیان لە سوریا ئەوی تریش نرخی لیرەی سوریایی.

بەڕێز عومەر کشانەوەی بانکی عەود بەم شێوەیە لێکدەداتەوە " ئێمە دەبینین کۆمپانیاکانی بیمەو بانکە تایبەتەکان لە سوریا دەکشێنەوە بۆ ئەوەی سزاکە نەیانگرێتەوە، کە دەستیشی پێکردووە لەم دواییانەدا بانکێکی لوبنانی پارەی خۆی لە ناو سوریا دەفرۆشێت و دەیەوێت لە سوریا دەرچێت."

کاریگەریی دووهەمی سزاکانیش ئەوە بوو کە بەمدواییانە نرخی لیرەی سوریایی بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکایی زۆر دابەزی. لە ئێستادا نەرخی یەک دۆلاری ئەمەریکایی 3 هەزار لیرەی سوریاییە. وەک محەمەد عەلی سەرۆکی کۆمەڵەی بازرگانانی دراو لە قامشلۆ دەڵێت ئەمەش بۆتە هۆی کەمکردنەوی کڕینی لیرەی سوریایی. ئەو پێی وایە هێشتاش نرخی لیرەی سوریایی زیاتر بەرامبەر دۆلار دادەبەزێت.

ڕژێمی سوریا هەوڵ دەدات کاریگەرییەکانی سزاکان ئەم بکاتەوە، ئایا هاوکارانی ڕژێم لە شەڕی ناوخۆی سوریادا وەک ئێران، دەتوانن کاریگەرییەکانی قەیسەر کەمبکەنەوە یان نا؟

ئابوری ناس چەلەگ عومەر دەڵێت ئێران و لوبنان خۆیان کێشەی ئابوریان هەیە کەواتە ناوتوانن هاوکاری سوریا بکەن.

لە لایەکی ترەوە ئایا سزاکانی قەیسەر چ کاریگەرییەکی هەیە بۆسەر باکوری سوریا و خەڵکی سوریا؟

شارەزایان دەڵێن سەرباری هەوڵەکانی هاوپەیمانان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەو سزایانە بۆ سەر باکوری سوریا، بەڵام نەتوانرا.

چاودێر خالید عومەر لەو بڕوایەدایە گرێبەستی نێوان بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و کۆمپانیای دێلتای هێشتا جێبەجێ نەکراوە و ئەوەش زیانێکی گەورەی لە ئابوری باکوری سوریا داوە.

ئەو گوتی " هاوپەیمانان هەوڵیان دا کاریگەرییەکانی قەیسەر لەسەر باکوری سوریا سوک بکەن، ئەویش بە ڕێگای گرێبەستی نێوان بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و کۆمپانیای سوتەمەنی دێلتا، کە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بتوانێت نەوتی خۆی بە ڕێگایەکی فەرمی لە بازاڕی جیهاندا بفرۆشێت، بەڵام هەتا ئەوەی من بزانم ئەم کارە هێشتا جێبەجێ نەکراوە. ئەوەی تریش داشکانی لیرەی سوریایی کاریگەرییەکی خراپی کردۆتە سەر گەلی سوریا."

دابەزینی لیرەی سوریایی بەرامبەر بە دۆلار دەستبەجێ ڕێژەی هەژاری لەناو گەلی سوریادا زیاد کرد. لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ڕژێمی سوریادا کێشەی نان، سوتەمەنی و کارەبا وە هەوەها کێشەی پێداویستیەکانی ڕۆژانەی خەڵکی سوریا زیادی کردووە.

پێش سەپاندنی سزای قەیسەر بە گوێرەی ئامارە نێونەتەوەییەکان 9 ملیۆن و 300 هەزار کەس لە خەڵکی سوریا پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەبوو، و لەسەدا 82 ی خەڵکی سوریا لە ژێر هێلی هەژاری دەژین.

مەبەست لە یاسای قەیسەر فشار دروستکردنە لەسەر ڕژێمی سوریا تا کوشتنی بە کۆمەڵ و کوشتنی دەستگیرکراوان ڕاگرێت و زیندانیان ئازاد بکات. بە پێی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤی سوریا لە پاش سەپاندنی سزای قەیسەرەوە هات کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە 119 کەسی سڤیل لە زیندانەکانی سوریادا لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژراون.

ڕامی عەبدولڕەحمان سەرۆکی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤی سوریایی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "هەتا ئێستا قەیسەر هیچ کاریگەرییەکی نەبووە بۆ کەمکردنەوەی کوشتنەکان لەلایەن ڕژێمی سوریاوە".

پاش ساڵێک لە سەپاندنی سزای قەیسەر، ڕژێمی سوریا ئەمڕۆ لە ڕەوشێکی ئابوری زۆر خراپدایە، و زۆر کاریشی کردۆتە سەر خەڵکی سوریا، بەڵام بە پێی ژمارەیەک لە چاودێران پێویستە ئەو خەڵکە برسییە جارێکی تر بێنەوە سەرشەقام دژ بە ڕژێمی سوریا.

دەقی ڕاپۆرتی پەیامنێرمان زانا عومەر

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:06 0:00


XS
SM
MD
LG