Accessibility links

چەند سەرچاوەیەک: ڕێبەری گروپێـکی ئیسلامی سوریا بە هێرشێـکی ئاسمانی کوژراوە


بەپـێی ڕاپـۆرتەکان ڕێبەری گروپی ناسراو بە جەیش ئەلئیسلام لە سوریا بە هێرشێـکی ئاسمانی لە نزیک دیمەشقی پایتەخت کوژراوە.

دوو سەرچاوە لە ئۆپـۆزسیۆنی سوریا و هەروەها کۆمەڵەی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە سوریا دەڵێن ئەمڕۆ هەینی لە هێرشێـکی ئاسمانی قورسدا بۆ سەر بارەگایەکی جەیش ئەلئیسلام لە ناوچەی ئەلمورج لە غوتەی شەرقی زەهران عەلوش کوژراوە.

کۆمەڵەی سوریا لە درێژەی ڕاپـۆرتەکەی نووسیویەتی زەهران و 5 سەرکردەی دیکەی گروپەکە لەگەڵ 8 کەسی دیکە کوژراون. هەروەها ژمارەیەک سەرکردە و چەکداریشیان برینداربوون کە برینی هەندێـکیان قورسە. هێشـتا نەزانراوە ئایا فڕۆکەکان ڕووسی بوون یان هی حکومەتی ئەسەد بوون.

دەشڵێن هێرشەکە لەو کاتەدا کراوەتە سەریان کە ئامادەکاریـیان بۆ هێرشێـکی گەورە دەکرد بۆ سەر شوێنەکانی حکومەت و حزبوڵڵای لوبنان.

زەهران عەلوش لە ساڵی 1971 لە ناوچەی دۆمای دیمەشق لە دایکبووە و کوڕی شێخ عەبدوڵڵا علوشە کەسایەتی سەلەفی ناسراو کە لە ئێسـتادا لە عەرەبسـتانی سعودیـیە نیشتەجێ بووە. زەهران بەر لەوەی ڕێبەرایەتی گروپی جەیش ئەلئیسلام بکات لەگەڵ باوکی لیوا ئەلئیسلامیان پـێـکهێنابوو. لە ڕووی بیروباوەڕەوە جەیش ئەلئیسلام لە قاعیدە و داعش جیاوازە.

XS
SM
MD
LG