Accessibility links

ساڵح موسلیم و هیچ بەرپرسێـکی دیکەی پەیەدە بانگهێشتی وتووێژەکانی ئاشتی سوریا نەکران


وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا دەڵێت نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قەیرانی سوریا پـێی ڕاگەیاندووە ڕێبەرانی پارتی یەکێتی دیموکراتی کوردی سوریا (پەیەدە) بانگهێشتی وتووێژەکانی ئاشتی سوریا نەکراون، کە بڕیارە ڕۆژی هەینی لە ژنێڤ دەسـتپـێبکەن.

لۆران فابیسۆس ئەمڕۆ چوارشەممە گوتی مەسەلەی بەشداریپـێکردنی پەیەدە لە وتووێژەکاندا زیاتر بووەتە کێشە و ستافان دیمستۆرا پـێی گوتوو لەبەر ئەم هۆیە دەعوەتنامەیان بۆ بەرپـرسانی ئەم پارتە کوردیـیە ڕەوانە نەکردووە.

بەڵام ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز دەڵێت دیپـلۆماتێـکی گەورەی فەڕەنسا گوتویەتی پـێویستە لە کۆتایـیدا پەیەدە و هاوپەیمانەکانی ببنە بەشێـک لە چارەسەری سیاسی سوریا، بەڵام لە ئێسـتادا بەشداریپـێکردنیان ڕەنگە ببێتە مایەی هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەسـتەیەی ئۆپـۆزسیۆن کە لە عەرەبسـتانی سعودیـیە پـێـکهێنراوە.

لە لایەکی دیکە هەیثەم مەناع هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات دەڵێت بەشداری وتووێژەکان ناکات ئەگەربێت و سـاڵح موسلیم و ئیلهام ئەحمەد دەعوەتنامەیان بۆ نەچێت. گوتی " یان لەگەڵ هاوڕێـکانمدا دەڕۆم یان بە تەنها ناڕۆم."

سـاڵح موسلیم دوێنێ سێشەممە ئاشکرای کرد هیچ دەعوەتنامەیەکی بۆ نەچووە. گوتیشی خوازیارن بەشداربن، چونکە ئەگەربێت و بەشداریان پـێنەکرێت، ئەوا وتووێژەکانی ژنێڤ 3 بە هاوشێوەی ژنێڤ 2 شکست دەهێنێت، کاتێـک کۆمەڵێـک لایەن لەو وتووێژانەش وەلاوەنران.

جەختی لەوەش کرد ئەوان نوێنەرایەتی خەڵکێـکی زۆر لەسەر سوریا دەکەن و ئەوانەی دەیانەوێت لە وتووێژەکان دوریان بخەنەوە خزمەت بەو هەوڵانە ناکەن کە دەدرێن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێـکی سیاسی لە سوریا.

XS
SM
MD
LG