Accessibility links

یەپەگە دەڵێت ڕاوێژکارە لەشکریـیەکانی لە شاری مەنبج دەکێشێتەوە


فەرماندەیەتی گشتی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دەڵێت تەنیا ڕاوێژکارانی لەشکری لە شاری مەنبج مابوو و لە ئێستادا ئەوانیش ئەرکەکەیان بە ئەنجام گەیاندووە و دەیانکشێننەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا فەرماندەیەتی یەپەگە نووسیویەتی، لەسەر داوای ئەنجومەنی لەشکری مەنبج و لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنی هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمیـیەکان بە تورکیاشەوە، هێزەکانی یەپەگە لە 1 ی مانگی شەشی ساڵی 2016 ئۆپەراسیۆنەکەیان دەسـتپـێکرد بۆ ڕزگارکردنی ئەو شارە لە داعش. دەشڵێت دوای زیاتر لە 2 مانگ لە شەڕی بەردەوام توانرا بە خوێنی هەرە شەڕڤانە لێهاتووەکانی یەپەگە شارەکە و ناوچەیەکی گەورەی دەوروبەری لە گوندەکان ڕزگاربکرێن.

پاشان باس لەوە دەکات لە 16 ی مانگی یازدەی ساڵی 2016 هێزەکانی یەپەگە ئەرکەکانی لە شاری مەنبج ڕادەستی ئەنجومەنی لەشکری مەنبج کرد و کشانەوە، بەڵام لەسەر داوای ئەم ئەنجومەنە کۆمەڵێک لە ڕاهێنەرانی یەپەگە وەک ڕاوێژکاری لەشکری لەوێ مانەوە تاوەکو لە بواری مەشق و ڕاهێنان یارمەتی بدەن بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی.

دواتر نووسیویەتی، ئێستاش و دوای زیاتر لە 2 ساڵ لە کاری بەردەوام، ئەنجومەنی لەشکری مەنبج هێندەی پـێداویستی خۆی مەشق و ڕاهێنانی بۆ دابینکراوە، بۆیە فەرماندەیەتی یەپەگە بڕیاری دا ڕاوێژکارە لەشکریـیەکان لە مەنبج بکێشێتەوە. بەڵام جەخی کردووەتەوە هەر کاتێک پـێویست بکات، ئەوا هێزەکانی یەپەگە ئامادەن پشتیوانی و یارمەتی خەڵکی مەنبج بدەن.

لە لایەکی دیکە مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا کە دوێنێ لەگەڵ مایک پەمپـێۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە واشنتن کۆبووەوە، ئەمڕۆ لە لێدوانێکیدا لە شاری ئەنتالیای ڕۆژئاوای تورکیا گوتی لە کاتی کشانەوەی هێزەکانی یەپەگە لە مەنبج چەکەکانیان لێ وەردەگیرێت. گوتوشیەتی جگە لە تورکیا و ئەمەریکا هیچ وڵاتێکی دیکە ڕۆڵی لەو شارە نابێت بە فەڕەنسا و بەریتانیا و بەلجیکاشەوە.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ لێدوانێکی فەرمی لە لایەن کاربەدەستانی ئەمەریکاوە ڕانەگەیەندراوە باس لە ناوەرۆکی ڕێکەوتنی واشنتن و ئەنکەرە لەسەر مەنبج بکات.

XS
SM
MD
LG