Accessibility links

هێزەکانی سوریای دیموکرات بە پاڵپشـتی هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی مەنبجیان دەسـتپێـکرد


کاربەدەسـتانی ئەمەریکا بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزیان گوتووە هەزاران شەڕڤان بە پاڵپشتی ئەمەریکا هێرشێـکیان دەسـتپێـکردووە بۆ ڕزگارکردنی شاری مەنبج لە پارێزگای حەلەبی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

کاربەدەسـتەکان گوتویانە هەڵمەتەکە سێشەممە دەسـتیپـێکردووە و ڕەنگە چەند هەفتەیەک درێژە بکێشێت و ئامانج لێی خنکاندنی داعشە کە زۆر جار ئەو ناوچەیەی بەکارهێناوە بۆ هاتوچۆکردنی چەکدارانی بیانی خۆی لە سوریاوە بەرەو ئەوروپا.

هەروەها یەک لە کاربەدەستانی لەشکری ئەمەریکا گوتویەتی ناوچەکە گرنگە، چونکە دوا شوێنی داعشە بەرەو ئەوروپا.

پاشان ئاماژەیان بۆ ڕۆڵی هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکا لەم هەڵمەتە کردووە و گوتویانە ژمارەیەکی کەم وەکو ڕاوێژکار لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات کاردەکەن و لە دوری هێڵەکانی شەڕ دەبن، بەڵام هەتا ئۆپەراسیۆنەکە تەواودەبێت لە نزیکەوە دەمێنـنەوە بەپـێی پـێویست، لەگەڵ ئەوەش جەختیان لەوە کردووەتەوە کە سەربازەکان بەشداری شەڕی ڕاستەوخۆ ناکەن.

کاربەدەستەکان هەروەها باسیان لە پـێکهاتەی هێزەکان کردووە، ئەوانەی پاڵپشـتیـیان دەکەن و گوتویانە زۆربەیان عەرەبی سوریـن و هێزەکانی یەپەگە یەک لەسەر پـێنجی هێزەکە پـێـکناهێنن.

بەڵام ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ کە پەیوەندی بە تۆڕێـکی گەورەی چالاکوانان لە سوریا هەیە دەڵێت زۆربەی شەڕڤانەکان لە هێزەکانی یەپەگەن و لە بنەڕەتدا ئۆپەراسیۆنێـکی یەپەگەیە.

گوتیشی لە ماوەی 24 کاژمێری ڕابردوو هێزەکانی سوریای دیموکرات 16 گوندیان ڕزگارکردووە کە 15 کیلۆمەتر لە شاری مەنبجەوە دورن. باسی لەوەش کرد هێرشە ئاسمانیـیەکانی هاوپەیمانان هەتا ئێسـتا کوژرانی 15 کەسی سیڤیلیشیان لێ کەوتووەتەوە، لەوانە سیانیان منداڵبوون.

مەحمود بالی پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە کۆبانی ڕاپـۆرتێـکی دەنگی سەبارەت بە پـێشهاتەکانی ناوچەکە ناردووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:01:49 0:00

XS
SM
MD
LG