Accessibility links

بەرپـرسێکی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا داوا لە ئەمەریکا دەکات جارێکی دیکە پـشتیوانیان لێبکاتەوە


بەرپـرسێکی باڵای ئۆپـۆزسیۆنی سوریا داوا لە ئەمەریکا دەکات جارێکی دیکە دەسـتبکاتەوە بەو بەرنامەیەی هەیبووە بۆ پشتیوانیکردن لەو گروپانەی ئۆپـۆزسیۆن، ئەوانەی شەڕی ڕژێمی سوریا دەکەن.

نەسر ئەلحەریری سەرۆکی دەستەی باڵای ئۆپـۆزسیۆنی سوریا بۆ دانوستاندنەکان ئەمڕۆ هەینی لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی ئەلحوڕە گوتی شاندی ئۆپـۆزسیۆن لە میانەی سەردانەکەی بۆ ئەمەریکا لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرێس و هێربەرت ڕایمۆند مەکماستەر ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا کۆبوونەتەوە و ئاگاهیـیان‌داوە لە مەترسی ڕاگرتنی بەرنامەکە لەم کاتەی ڕژێمی سوریا و هاوپەیمانەکانی دەستیانکردووە بە هەڵمەتێکی لەشکری توند لە دژی ئۆپـۆزسیۆن لە غۆتەی شەرقی نزیک دیمەشقی پایتەخت و پارێزگای ئیدلیب.

گوتیشی ڕەنگە ڕاگرتنی ئەو بەرنامەیە ئاکامی کارەساتاوی لەسەر دۆخی سوریا ببێت. ئاماژەی بەوەش کرد بەبێ ئەو بەرنامەیە گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆن دەکەونە ناو داوی ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکانەوە.

سەرۆک ترامپ لە مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوو ڕاگرتنی ئەو بەرنامەیەی ڕایگەیاند کە لە لایەن براک ئۆباما سەرۆکی پـێشووەوە پەسەندکرابوو و بۆ ماوەی نزیکەی 4 ساڵ بەردەوامبوو.

جێی ئاماژەیە دوێنێ پـێنجشەممە دەیڤد ساتەرفیڵد بریکاری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دانیشتنێکی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی سیناتدا گوتی سەرۆک ترامپ بڕیاری داوە لە سوریا نەکشێینەوە.

گوتیشی لەبەر چەند هۆیەک، لەوانە بەرقەرارکردنی سەقامگیری لە باکور و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، پاراستنی هاوپەیمانانمان لە هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئەوانەی قارەمانانە شەڕی داعشیان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد، هەوڵدان بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسی لەو ناوچەیە تاوەکو ببێتە نمونەیەک بۆ تەواوی سوریا و بتوانرێت نوێنەرایەتی دەوڵەتی نوێی سوریا بکات و لەگەڵ ئەوانەشدا دانانی سنوورێک بۆ ئێران لە سوریا.

XS
SM
MD
LG