Accessibility links

جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا دەڵێت ئەگەر ئەمەریکا هێرشی دیکە بکاتەوە ئەوا کاردانەوەکان جیاوازدەبن


جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا دەڵێت ئەگەربێت و ئەمەریکا هێرشێـکی دیکە بکاتەوە سەر شوێنەکانی لەشکری وڵاتەکەی، ئەوا کاردانەوەی دیمەشق و هاوپەیمانەکانی جیاوازدەبن.

فەیسەڵ ئەلمقداد ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە دیمەشق گوتی جێی سەرسوڕمان نیـیە ئەمەریکا و بە تایبەتی بەڕێوەبەرابەتی سەرۆک ترامپ هێرشی نوێ بکاتەوە سەر سوریا. گوتیشی بەڵام دەبێت بە وردی کاردانەوەکانی سوریا و هاوپەیمانەکانیشی لەبەرچاوبگرێت کە وەک ئەوەی ڕابردوو نابێت.

هەروەها گوتی بەڕێوەبەرایەتی نوێی ئەمەریکا لە ڕێگەی ئەو هێرشە ویستی بە جیهان بڵێت بەهێزم و دەتوانم لە هەموو شوێنێـک بدەم.

جەختی لەوەش کرد وڵاتەکەی هیچ چەک و گازێـکی کیمیایی نەماوە و هەمووی لەناوبردووە.

لێدوانی ئەم کاربەدەسـتەی سوریا پاش هەفتەیەک دێت لەوەی کۆشکی سـپی گوتی دیمەشق خۆی بۆ هێرشی چەکی کیمیاوی ئامادەکات و ئاگاهی دا ئەگەربێت و جارێکی دیکە چەکی کیمیاوی بەکاربهێنێتەوە ئەوا باجێـکی گەورە دەدات.

بەڵام دواتر جەیمس ماتیس وەزیری بەرگری ئەمەریکا گوتی پـێدەچێت دیمەشق ئاگاداریـیەکانی واشنتنی بە ڕژد وەرگرتبێت.

جێی وەبیرهێنانەوەیە 4 ی مانگی چواری ساڵی 2017 فڕۆکەکانی حکومەتی سوریا شاری خان شەیخونی پارێزگای ئیدلبیان بۆردومانکرد و لە ئاکامدا بە لایەنی کەم 74 کەس گیانیان لەدەستدا و سەدان کەسی برینداربوون.

ئەمەریکاش پاش سێ ڕۆژ 59 موشەکی گرتە فڕۆکەخانەی لەشکری شعێرات کە لەوێوە فڕۆکەکانی حکومەتی سوریا هەستابوون و بۆردومانی خان شەیخونیان کردبوو.

XS
SM
MD
LG