Accessibility links

فەڕەنسا و ئەمەریکا ڕەتی دەکەنەوە هیچ هێرشێکی ئاسمانیان لە سوریا ئەنجام دابێت


بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری فەڕەنسا وتی وڵاتەکەی لە ماوەی شەوی یەکشەممەدا هیچ هێرشێکی لە سوریا ئەنجام نەداوە.

ئەمەریکاش ڕەتی دەکاتەوە هیچ هێرشێکی ئاسمانی دژی سوریا ئەنجامدابێت.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ وتی بەلایەنی کەمەوە 14 کەس کوژراون و لەنێویاندا هەندێک چەکداریان تێدایە کە خەڵکی وڵاتی ترن، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ چەکدارە شیعەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیان لێدەکرێت و شان بە شانی سوپای سوریا دەجەنگێن.

جێی ئاماژەیە لە ماوەی ڕابردوودا کەناڵی فەڕمی سوریا بڵاویکردەوە لە ئەنجامی هێرشێکدا کە باوەڕ وایە ئەمەریکی بووبێت بۆ سەر بنکەیەکی ئاسمانی سەرەکی لە ناوەندی سوریادا کوژراو و برینداری لێکەوتۆتەوە، بەڵام ئەمەریکا ڕەتی دەکاتەوە هیچ هێرشێکی ئاسمانی لە سوریادا ئەنجام دابێت.

هەروەها دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکسی ڕوسیا لە زاری سوپای ڕوسیاوە بڵاویکردەوە دوو فڕۆکەی جەنگی ئیسڕائیلی لە جۆری ئێف-15 هێرشی ئاسمانیان کردۆتە سەر بنکەیەکی ئاسمانی سوریا.

دەزگای ئینتەرفاکس لە زاری وەزارەتی بەرگری ڕوسیاوە بڵاویکردەوە دوو فڕۆکە جەنگیە ئیسڕائیلییەکە بە هەشت موشەک هێرشەکەیان ئەنجامداوە و ئاسمانی لوبنانیان بەکارهێناوە و بەرگری ئاسمانی سوریاش پێنج لە موشەکەکانی خستۆتە خوارەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG