Accessibility links

کاربەدەستێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ڕەنگە بەهۆی شەڕی ئیدلیبەوە زیاتر لە ملیۆنێک کەس ڕوو لە تورکیا بکەن


کاربەدەستێکی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری داوە ئەگەربێت و شەڕ و پـێکدادانەکان لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا قورسترببن، ئەوا ڕەنگە سەدان هەزار کەس ئاوارەببن و ڕوو لە تورکیا بکەن.

پانۆس مۆمسیس بەرپـرسی ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی مرۆیی لە سوریا ئەمڕۆ دووشەممە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوت مەترسیان هەیە لەوەی شەڕەکە قورسترببێت و سەدان هەزار کەس ڕوو لە تورکیا بکەن کە ڕەنگە ژمارەیان بگاتە ملیۆنێک یان دوو ملیۆن کەس.

گوتیشی هێرشەکان کاریان کردووەتە سەر نەخۆشخانە و خوێندنگەکان لە ناوچە سیڤیلیـیەکان، ئەمەش بەپـێی یاسایی مرۆیی نێودەوڵەتی نابێت ڕووبدات.

پانۆس مۆمسیس لە درێژەی لێدوانەکەی گوتی داوایان لە ڕێکخراوە فریاگوزاریـیەکان کردووە شوێنەکانیان بۆ لایەنە بە شەڕهاتووەکان ئاشکرابکەن تاوەکو لە هێرشەکان بپارێزرێن. بەڵام گوتیشی چەند جارێک نەخۆشخانەکان کراونەتە ئامانج، بۆیە کارمەندانی فریاگوزاری پـێیان‌وانیە بە ئاشکراکردنی شوێنەکانیان پارێزراوبن.

سەبارەت بە کۆمەکە نێودەوڵەتیـیەکان، گوتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای 3.3 ملیار دۆلاری کردبوو بۆ یارمەتیـیە مرۆیـیەکانی ئەمساڵ لە سوریا، بەڵام سەرەڕای ئەو بەڵێنە زۆرانەی درابوون هەتا ئێستا تەنیا 500 دۆلار دابینکراوە.

جێی ئاماژەیە هێزەکانی حکومەتی سوریا لە کۆتایی مانگی چواری ئەمساڵەوە دەستیانکردووە بە هێرشکردنە سەر ناوچەکانی باشوری پارێزگای ئیدلیب و باکوری پارێزگای حەما و چەندان شوێنیان کۆنترۆڵکردووەتەوە. ئەم شەڕانەی ئێستا بە توندترین شەڕی نێوان حکومەت و ئۆپـۆزسیۆنی سوریا دادەنرێن لە پاش شەڕەکانی هاوینی ڕابردوو لە باشوری وڵاتەکە.

XS
SM
MD
LG