کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت فڕۆکەی جەنگی کە نازانرێت سوری بووە یان ڕووسی ئەمڕۆ چوارشەممە بۆردومانی ناوچەیەکیان کردووە لە نزیک خاڵێکی چاودێری تورکیا لە ناو خاکی سوریا.
کۆمەڵەکە دەڵێت خاڵەکە دەکەوێتە گوندی شیر مەغار لە ناوچە گوندیـیەکانی باکوری پارێزگای حەما لە نزیک پارێزگای ئیدلیب.
کۆمەڵەکە دەشڵێت بەهۆی زۆری فڕۆکەکان لە ئاسمانی ناوچەکە و بەردەوامی بۆردومانی چڕ، نەتوانراوە بزانرێت کێ ئەو هێرشە ئاسمانیـیانەی ئەنجامداوە.
هێزەکانی حکومەتی سوریا هەفتەی ڕابردوو توانیان لە باکوری پارێزگای حەما پـێشڕەوی بکەن و شارۆچکەی مورەک کۆنترۆڵبکەنەوە کە لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەو شارۆچکەیە گەورەترین خاڵی چاودێری تورکیای لێـیە. لە ئێستادا چواردەوری بنکە بە هێزی حکومەتی سوریا گیراوە.
تورکیا بەپـێی ڕێکەوتنێکی لەگەڵ ڕووسیا و ئێران 12 خاڵی چاودێری لە ناو خاکی سوریا هەیە.