Accessibility links

وەزیری دەرەوەی سوریا: نامانەوێت لەگەڵ تورکیا شەڕبکەین


وەزیری دەرەوەی سوریا دەڵێت وڵاتەکەی نایەوێت لەگەڵ تورکیا بە چەک ڕووبەڕووی یەکتر ببنەوە، ئەمەش پاش ئەوەی ئەنکەر گوتی یەکێک لە خاڵە چاودێریـیەکانی لە ئیدلیب هێرشی کراوەتەسەر لە شوێنێکی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی حکومەتی سوریا.

وەلید موعەلیم ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ وانغ یی هاوتا چینـیەکەی لە بەیژین، گوتیشی ئەوان لە ئیدلیب کە بەشێکە لە خاکی سوریا، شەڕی تێرۆرستان دەکەن.

پاشان پـرسیاری کرد و گوتی" تورکەکان لە سوریا چی دەکەن؟ ئایە بۆ پاراستنی هەردوو ڕێکخراوی بەرەی نوسرە و داعش و بزوتنەوەی تورکستانی ڕۆژهەڵاتی تێرۆرستی؟"

گوتیشی دەبێت پـرسیار لە تورکیا بکرێت ئامانجە ڕاستەقینەکەی لە سوریا چیـیە؟. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد تورکیا چەند بەشێکی خاکی سوریای داگیرکردووە و بوونی لەشکری لەو شوێنانە هەیە.

موعەلیم لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانی گوتی دەبێت هەموو هێزە بیانیـیەکانی بەبێ ڕەزامەندی حکومەتەکەی لە سوریایان بچنە دەرێ.

تورکیا بەپـێی ڕێکەوتنێکی لەگەڵ ڕووسیا و ئێران 12 خاڵی چاودێری لە پارێزگای ئیدلیبی باکوری ڕۆژئاوای سوریا داناوە.

XS
SM
MD
LG