Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت لە ئیدلیب شکستی بە هێرشێک هێناوە کە تورکیا پاڵپشتی کردبوو


وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەڵێت فڕۆکەی جەنگی وڵاتەکەی هێرشی ئاسمانیـیان لە باکوری ڕۆژئاوا سوریا ئەنجامداوە و لە ئاکامدا شکست بە هێرشێکی گروپە چەکدارەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا هێنراوە.

وەزارەتەکە ئەمڕۆ پـێنجشەممە گوتی فڕۆکەی سو 24 ی ڕووسیایی هێرشە ئاسمانیـیەکانیان لە نزیک شارۆچکەی نەیرب ئەنجامداوە و لە ئاکامدا تانکێک و 6 ماشێنی زرێپـۆش و 5 ئۆتۆمبیل تێکشکێنراون.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد گروپە چەکدارەکان بە پاڵپشتی تۆپـخانەی تورکیا توانیبوویان پـێشڕەوی بکەن، بەڵام بەم هێرشە ئاسمانیـیانە شکست بە هێرشەکە هێنرا.

لە لایەکی دیکە وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاند هێرشی ئاسمانیـیان لە دژی هێزەکانی حکومەتی سوریا ئەنجامداوە و لە ئاکامدا50 سەربازی سوری کوژراون و 5 تانک و 2 زرێپـۆش و 2 ئۆتۆمبیلی پـیکاپ و تۆپـێک تێکشکێنراون. گوتیشی2 سەربازی تورک کوژراون و 5 سەربازی دیکە برینداربوون.

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ ئەویش لای خۆیەوە دەڵێت شەڕ و پـێکدادانی توند لە ناو شارۆچکەی نەیرب ڕوویداوە لە نێوان هێزەکانی ڕژێم و ملیشیاکانی لایەنگری لە لایەک و هێزەکانی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئەنکەرە لەلایەکەی دیکە.

هاوکات میدیاکانی سەر بە گروپە چەکدارەکان چەند ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا هێرشەکەیان پـیشان دەدەن، لەوانە ڤیدیۆیەک پـیشانی دەدات ڕۆکێتی نوێـیان پـێگەیشتووە و لە هێرشەکەدا بەکاری دەهێنن.

XS
SM
MD
LG