Accessibility links

سوریا: پێویستە لەسەر تورکیا هێزەکانی لە وڵاتەکە بکشێنێتەوە


سوریا وتی ئامادەیە پەیماننامەی مێژوویی ئاسایش لەگەڵ تورکیادا نوێ بکاتەوە کە 20 ساڵ لەمەوبەر ئەو پەیماننامەیە بووە هۆی باشبوونی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە، ئەمەش لەکاتێکدا ئەگەر تورکیا هەموو هێزەکانی لە سوریا کشاندەوە و چیتر پشتیوانی لە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن نەکات.

وەزارەتی دەرەوەی سوریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند وڵاتەکە پابەندە بە پەیماننامەکەوە کە لە ساڵی 1998 دا واژۆ کراوە و لەو کاتەدا دیمەشقی ناچار کرد چیتر پشتیوانی لە حیزبی کرێکارانی کوردستان نەکات.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە دەڵێت " کۆماری عەرەبی سوریا جەخت لەوە دەکاتەوە هێشتا پابەندە بەم ڕێکەوتنەوە و هەموو ئەو ڕێکەوتنانەی دیکەش کە پەیوەستن بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە هەموو شێوازەکانیەوە.."

بەڵام دیمەشق وتی زیندووکردنەوەی ئەو ڕێکەوتنە کە سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن لەمیانەی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی تورکی رەجەب تەیب ئەردۆگاندا ئاماژەی پێدابوو، بەندە بەوەوە کە تورکیا چیتر پشتیوانی لە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن نەکات و هەموو هێزەکانی لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا بکشێنێتەوە.

هەروەها دەڵێت " بە چالاککردنەوەی ئەم ڕێکەوتنە هەموو شتەکانی سنووری نێوان دوو وڵاتەکە وەکو پێشتریان لێدێتەوە، بۆ ئەوە دەبێت تورکیا چیتر پشتیوانی و کۆمەکی چەک نەدات بە تیرۆریستان و هێزە سەربازییەکانی لە ناوچەکانی سوریادا بکشێنێتەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی دوو وڵاتەکە بتوانن ئەم ڕێکەوتنە چالاک بکەنەوە کە ئاشتی و ئاسایش بۆ هەموو سنوورەکە دەستەبەر دەکات."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG