یەکینەکانی پاراستنی ژنان داوا لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی دەکەن کاربکەن بۆ پاراستنی ژیانی کچە شەڕڤانێکیان کە بە دیلی لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا دەستگیرکراوە و ڤیدیۆیەکی بڵاوکراوەتە کە تیایدا نیشان دەدرێت چۆن سووکایەتی پـێدەکرێت.
یەپەژە لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ هەینی نووسیویەتی کچە شەڕڤانەکە ناوی (چیچەک کۆبانی)یە و لە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی 21 ی مانگی دە لە هێرشێکی گروپە چەکدارەکان بۆ سەر گوندی مشرافەی سەر بە شارۆچکەی عەین عیسا بە برینداری بەدیل گیرا.
دەڵێن بەپـێی ئەو ڤیدیۆیەی گروپەکەی سەر بە تورکیا بڵاویکردووەتەوە، مامەڵەیەکی دڕندانە دەکرێت، بۆیە داوا لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرڤ و ژنانی جیهان دەکەن بەپەلە کاربکەن بۆ پاراستنی ژیانی و هەروەها ڕووبەڕووی ئەو ڕەفتارە دڕندانانەی گروپەکانی سەر بە ئەنکەرە ببنەوە.
ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ بە کەناڵی ئەلحوڕەی گوتووە ڤیدیۆکەیان لە گروپی ناسراو بە "أحرار الشرقية" دەستکەوتووە کە یەکێکە لەو گروپانەی سەر بە تورکیا و بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا لە دژی هێزە کوردیـیەکان کردووە.
کەناڵی ئەلحوڕە ڤیدیۆکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت پـێشێلکاریـیەکی ڕوون و ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتیـیەکانە سەبارەت بە دیلی جەنگ.