Accessibility links

کۆمەڵەی سوریا: لەوەتای هێرشی سەر عەفرین دەسـتیپـێکردووە 280 کەس کوژراون


کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لەوەتای لە 20 ی مانگی یەکەوە ئۆپەراسیۆنی لەشکری تورکیا بۆ سەر عەفرین دەسـتیپـێکردووە بە لایەنی کەم 280 کەس کوژراون.

کۆمەڵەکە کە ئۆفیسەکەی لە بەریتانیایە و پەیوەندی بە تۆڕێکی گەورەی چالاکوانان لە ناو سوریا هەیە ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند لە ماوەی دوو هەفتەی ئەو ئۆپەراسیۆنە کە بە هاوکاری هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریای سەر بە تورکیا بەڕێوەدەچێت دەیان کەس گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون.

دەڵێت لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی و تۆپـباران و موشەکبارانی هێزەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی عەفرین بە لایەنی کەم 68 کەسی سیڤیل گیانیان لەدەستداوە، لەوانە 21 منداڵ و 12 ژن. هەروەها نزیکەی 195 کەسی دیکەی سیڤیل برینداربوون. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات خەڵکی کورد و عەرەب و ئەرمەن لە نێودایە و ژمارەیەکیان لەو ئاوارانەن کە پـێشتر لەتاو شەڕی ناوخۆ لە ناوچەکانی دیکەی سوریاوە ڕوویان لە عەفرین کردووە.

پاشان باس لە زیانە گیانیـیەکانی هێزە کوردیـیەکان دەکات و دەڵێت هەتا ئەمڕۆ هەینی گەیشتووەتە 102 شەڕڤان. لە بەرامبەریشدا 99 چەکداری ئۆپـۆزسیۆن و 11 سەربازی تورک کوژراون. دەشڵێت هەتا ئێستا تەرمی 4 سەربازی تورک لە ژێر دەستی هێزە کوردیـیەکاندان.

کۆمەڵەکە دەڵێت لە ماوەی ئەم دوو هەفتەیە هێزەکانی تورکیا تەنها توانیویانە 15 گوندی عەفرین کۆنترۆڵبکەن. بەڵام دەشڵێت بەهۆی بۆردومانەکانەوە زیانێکی ماددی زۆر بە عەفرین کەوتووە بە تایبەتی بەر شوێنەوارە مێژوویـیەکان، لەوانە عەین دارە و نەبی هوری.

XS
SM
MD
LG