Accessibility links

بەهۆی هێرشێکی هەڵەی ئاسمانی هاوپەیمانان 17 شەڕڤانی هێزەکانی سوریای دیموکرات گیانیان لەدەست‌دەدەن


لە ئەنجامی هێرشێـکی ئاسمانی هاوپەیمانان کە بە هەڵە لە نزیک شاری تەبقەی سوریا ئەنجامدرابوو، بە لایەنی کەم 17 شەڕڤانی هێزەکانی سوریای دیموکرات گیانیان لەدەسـتدا.

هێرشەکە پاش نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە کرایە سەر ئەو شەڕڤانانە لە دووڕیانی جادەی هەردوو شاری تەبقە و ڕەققە و گوندی عاید ئەلکەبیر کە لەوی شەڕی قورس لە دژی چەکدارانی داعش بەڕێوەدەچێت.

مەحمود بالی پەیامنێری بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لە کۆبانی دەڵێت بەپـێی زانیاریـیەکان هەڵەکە بەو شێوەیە بووە لەو دەمەی ئەو شەڕڤانانە بەبێ ئاگادارکردنەوەی فەرماندەیەتی هێزەکان چوونەتە ئەو ناوچەیە و کاتێـک فڕۆکەکانی هاوپەیمانان پەیوەندیـیان بە فەرماندەیەتی کردووە و پـرسیاریان لە بارەی ئەو هێزە کردبوو کە ئایا لە هێزەکانی سوریای دیموکرات یان نا، ئەوانیش لە وەڵامدا گوتویانە هێزیان لەو شوێنە نیـیە، بۆیە فڕۆکەکانیش بۆردومانیان کردوون.

هەموو قوربانیـیەکان لە لیوای سقوری ڕەققەن و عەرەبن و خەڵکی شاری گردە سـپـیـن. بەڕێوەبەرایەتی شاری گردە سپی بڕیاری سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتی لە شارەکە ڕاگەیاند.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕووداوەکەی پشـتڕاستکردەوە، بەڵام دەڵێت 18 شەڕڤان گیانیان لەدەسـتداوە.

XS
SM
MD
LG