هێزەکانی سوریا دیموکرات دەڵێن دەستیانکردووە بە قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆنی غەزەبی فورات کە ئامانج لێی ڕزگارکردنی ناوچەکانی باکوری شاری ڕەققەیە لە داعش.
ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە بەیانـنامەیەکدا فەرماندەیەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند لەم قۆناغە ئامانجیان پاککردنەوەی دەیان گوندە لە دۆڵی چلاب و باکوری شاری ڕەققەیە لە داعش و داوا لە دانیشتوانی ئەو ناوچانە دەکەن لە شوێنەکانی داعش خۆیان بە دور بگرن تاوەکو وەکو قەڵغانی مرۆیی بەکاریان نەهێنێت. بەڵێنیش دەدەن ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان بدەن بۆ پاراستنی خەڵکی سیڤیل و ماڵ و حاڵیان.
دەشڵێت بە کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانە گەمارۆی سەر شاری ڕەققە توندتر دەبێت و ڕێگە لە بەردەم ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شارەکە خۆش دەبێت.
هەروەها لە بەیانـنامەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکرێت لە هەردوو قۆڵی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای باکوری ڕەققە هێزەکانی سوریای دیموکرات پـێشڕەوی دەکەن بە پشـتیوانی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هاوپەیمانان.