گوتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەڵێت هێزەکانیان توانیویانە قەڵایەکی مێژوویی لە پارێزگای ڕەققە لە ژێر دەسـتی چەکدارانی داعش ڕزگاربکەن.
تەڵاڵ سیلۆ ئەمڕۆ هەینی بە ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرزی گوت قەڵای جەعبەر کە دەکەوێتە قەراغ ئاوی دەریاچەی ئەسەد لەسەر ڕووباری فورات شەوی پـێنجشەممە ڕزگارکرا.
مەئمون عەبدول کەریم بەڕێوەبەری ئاسەواری سوریا لە دیمەشقەوە بۆ ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، کۆنترۆڵکردنی قەڵاکە لە لایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە سەرکەوتنێـکە بۆ خەڵکی سوریا، چونکە قەڵاکە لە دەسـتی داعش ڕزگاری بوو.
هەروەها سێلۆ گوتی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو هێزەکانیان بە شێنەیی پـێشڕەویـیان دەکرد، بەهۆی خراپی کەشوهەواوە کە تەم ناوچەکەی گرتبووەوە و بواری بە چەکدارانی داعش دابوو دزە بکەن و هێرش بکەنە سەر هێزەکانیان. پاشان گوتی لە ئێستادا کەشوهەواکە باشبووە و بەرەو بەنداوی فورات پـێشڕەوی دەکەن.