Accessibility links

هێزەکانی ئەمەریکا پشتیوانی لە هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکەن بۆ ڕزگارکردنی بەنداوێک لە دەستی داعش


هێزێکی تایبەتی ئەمەریکا لەگەڵ هێزێکی سوریای دیموکرات لە ناکاو بە فڕۆکە بۆ ناوچەیەکی ژێر دەستی داعش لە ڕۆژئاوای شارۆچکەی تەبقە لە باکوری سوریا براون و توانیویانە ژمارەیەک گوندی باشوری ڕووباری فورات و جادەی سەرەکی نێوان تەبقە و حەلەب کۆنترۆڵ بکەن.

هاوکاتی ناردنی هێزەکان بە فڕۆکە، هێزی زیاتریش لە ڕێگەی بەلەمەوە لە ڕووباری فوراتەوە پەڕیونەتەوە. ژمارەی هێزەکان بە سەدان شەڕڤان و دەیان سەربازی مارینزی ئەمەریکایی مەزەندە دەکرێن.

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ لەسەر ماڵپەڕەکەی بڵاویکردووەتەوە شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە بە پەرەشووت لە ناوچەی ئەلکرین لە دوری 5 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای شارۆچکەی تەبقە هێزەکەی ئەمەریکا و سوریای دیموکرات دابەزیون.

کاربەدەستانی ئەمەریکا دەڵێن ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە کۆنترۆڵکردنی بەنداوی تەبقەیە کە بە بەنداوی فوراتیش ناسراوە. بەنداوەکە وێزگەیەکی بەرهەمهێنانی وزەی کارەباشی لێـیە.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەڵێت بە هێزی تۆپخانەش پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنەکە دەکات. هەروەها فڕۆکەش بەردەوام لە ئاسمانی ناوچەکەن و شوێنەکانی داعش بۆردومان دەکەن.

XS
SM
MD
LG