Accessibility links

فەرماندەیەکی هێزەکانی سوریا دیموکرات دەڵێت 90% ی شاری تەبقە ئازادکراوە


فەرماندەیەکی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەڵێت هێزەکانیان توانیویانە لە ماوەی 48 کاژمێری ڕابردوو 9 گەڕەکی شاری تەبقە لە داعش ڕزگاربکەن.

عەبدولقادر هڤیدلی ئەمڕۆ دووشەممە لە لێدوانێـکیدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاند گوتی لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو هێڵی بەرگری داعشیان لە تەبقە تێـکشکاندووە و بە لایەنی کەم 75 چەکداری داعش کوژراون و ژمارەک تانک و زریپـۆشی داعش دەسـتیان بەسەرداگیراوە. گوتیشی لە ئێستادا 90%ی شارەکە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانیاندایە.

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ ئەویش پـێشڕەوی هێزەکانی سوریای دیموکراتی لە تەبقە پشـتڕاستکردەوە، دەڵێت تەواوی بەشی کۆنی شارەکە لە ئێستادا لە ژێر کۆنترۆڵی ئەو هێزانەدایە کە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی پاڵپشـتیـیان دەکات. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات داعش لە دوێنێ شەوەوە بۆ هەرسێ گەڕەکی وەحدە و حوڕیە و ئیشتراکیەی بەشە نوێـیەکەی شارەکە کشاوەتەوە و بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە گەڕەکی ئیشتراکیەشی چۆڵکردووە، بۆیە لە ئێستادا تەنها دوو گەڕک و بەنداوی فوراتی لە ژێر دەست ماوەتەوە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ هێزی تایبەتی ئەمەریکایی لە 22 ی مانگی سێـیەوە لە ئۆپەراسیۆنێـکی لە ناکاودا بە فڕۆکەی هەلیکۆپتەر گەیەندرانە ڕۆژئاوای شاری تەبقە لە باشوری ڕووباری فورات و پاش چەند هەفتەیەک گەمارۆی شارەکەیان دا.

XS
SM
MD
LG