Accessibility links

هێزەکانی سوریای دیموکرات ناوچەی زیاتری نزیک شاری ڕەققە لە داعش ڕزگاردەکەن


هێزەکانی سوریای دیموکرات زیاتر لە شاری ڕەققەی ژێر دەستی داعش نزیک دەبنەوە و لە ماوەی 24 کاژمێری ڕابردوو توانیویانە چەندان گوند و کێڵەگەی کشتوکاڵی لە ڕۆژئاوا و باکوری شارەکە کۆنترۆڵ بکەن.

هەر پـێنج گوندی خاتونیە و ڕەبیعە و عەدنانیە و بیر هاشم و سەیغورا لەگەڵ هەرسێ کێڵگەی ڕەبیعە و حتین و قەحتانیە ئەمڕۆ دووشەممە بە دەستی هێزەکانی سوریا دیموکرات و بە پاڵپشتی هێزی تایبەتی ئەمەریکا و فڕۆکەی هاوپەیمانان لە داعش ڕزگارکران.

هەروەها ئەو هێزانە چوونەتە بەشێکی شوێنی فیرقەی 17 ی جارانی لەشکری سوریا کە دەکەوێتە باکوری شاری ڕەققەوە.

لە ئێستادا هێزەکانی سوریای دیموکرات هەرسێ گوندی حاوی حەوا و یەعروب و ئەبو سوس لە ڕۆژئاوای شاری ڕەققەیان گەمارۆداوە و لە دوری نێوان 2 بۆ 3 کیلۆمەتر لە قەراغ شارەکەوە دورن لە دیوی ڕۆژهەڵات و باکور و ڕۆژئاوا.

ڕۆژی یەکشەممەش توانیان بەنداوی بەعەس لە ڕۆژئاوای شاری ڕەققە کۆنترۆڵ بکەن، بەمەش هێزەکانی سوریای دیموکرات سێ بەنداوی گرنگی سوریا کۆنترۆڵ دەکەن کە هەرسێکیان وزەی کارەبایان لێ بەرهەم دەهێنرێت.

پـێشتر لە کۆتایی مانگی دوازدەی ساڵی 2015 بەنداوی تشرینیان کۆنترۆڵکرد کە دەکەوێتە باشوری ڕۆژهەڵاتی شاری مەنبج و مانگی پـێنجی ڕابردووش بەنداوی فوراتیان لە داعش ڕزگارکرد کە دەکەوێتە باکوری شاری تەبقە.

XS
SM
MD
LG