هێزەکانی سوریای دیموکرات دەڵێن گروپـێکی سەر بە داعشیان دەستگیرکردووە کە پـێدەچێت لە پشت تەقینەوەکەی مانگی یەکی ناو ڕێستورانتەکەی شاری مەنبجەدا بن.
مستەفا بالی، بەرپـرسی ناوەندی گشتی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، لە پاش چاودێریکردنێکی تەکنیکی لە لایەن هێزەکانیانەوە، گروپـێکیان دەستگیرکردووە کە بڕوادەکرێت دەستیان هەبووبێت لە تەقینەوەکەی 16 ی مانگی یەکی مەنبج ، ئەوەی بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەک ئەمەریکایی و شەڕڤان.
جێی وەبیرهێنانەوەیە لە 16 ی مانگی یەکی ئەمساڵدا لە نزیک ڕێستورانتی (الأمراء) لە شاری مەنبج خۆکوژێکی داعش خۆی تەقاندەوە لەو کاتەی ژمارەیەک سەربازی ئەمەریکایی و شەڕڤان بۆ نانخواردن لەوێ بوون. لە ئاکامدا10 کەسی سیڤیل و 4 ئەمەریکایی و 5 شەڕڤان گیانیان لەدەست دا.
لە لایەکی دیکەوە هێزەکانی سوریا دیموکرات توانیویانە کۆنترۆڵی گوندی باغۆز و کەمپەکەی نزیکی بکەن و لە ئێستادا تەنیا ناوچەیەکی بچوکی قەراغ ڕووباری فورات بە دەست داعشەوە ماوەتەوە.