Accessibility links

کۆمەڵەی سوریا: لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو 45 چەکداری داعش کوژراون


کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو بە لایەنی کەم 45 چەکداری داعش لە پارێزگای دێرزوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کوژراون.

ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری کۆمەڵەکە ئەمڕۆ چوارشەممە لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس، گوتی 28 لەو چەکدارانە لە هەردوو ڕۆژی دووشەممە و سێشەممە بە هێرشی ئاسمانی هاوپەیمانان کوژراون.

گوتیشی هێرشە ئاسمانیـیەکان لە ڕۆژی سێشەممە بە شێوەیەکی تایبەت ئەو داعشانەی کردووەتە ئامانج کە هەوڵیان دابوو هێرشبکەنە سەر بیرە نەوتیـیەکانی ئەزرەق، ئەوەی لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتە لە باکوری شارۆچکەی هەجینی ژێر دەستی داعش.

باسی لەوەش کرد لە ئاکامی شەڕەکانی ڕۆژی دووشەممەی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و داعش 17 چەکداری داعش کوژراون. بەڵام ڕۆژی یەکشەممە بە لایەنی کەم 12 شەڕڤانی هێزەکانی سوریای دیموکرات گیانیان لەدەست دا بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو بە شوێنەکەیاندا.

لەوەتای 10 ی مانگی نۆوە هێزەکانی سوریای دیموکرات دەسـتیانکردووە بە قۆناغی کۆتایـیان بۆ نەهێشتنی داعش لە دوایـین ناوچەی ژێر دەستی لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات پارێزگای دێرزور، بەڵام بەرگری توندی داعش لە داویـین شوێنی خۆی لەو ناوچەیە و هەروەها هێرشەکانی تورکیا لەسەر سنوور بۆ سەر هێزە کوردیـیەکان و خراپی کەش‌وهەوا هۆکاربوون بۆ دواکەوتنی ڕزگارکردنی ئەو ناوچەیە لە داعش.

XS
SM
MD
LG